ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و مه‌زڵووم عه‌بدى
  2025-04-24       230       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات كۆبوونەوە و جەختیان لە پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى ڕۆژئاوای كوردستان وه‌ك گەرەنتييه‌ك بۆ به‌ديهێنانى داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد كردەوە.

ئاوێنە:  مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ئێستا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاوەرییەتی، جگە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان، شەوی ڕابردوو لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر كۆبوونەوە.

 سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند:

٠ كۆبوونەوەكە شەوی ڕابردوو بەڕێوەچوو و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و په‌يوه‌ندييه‌كانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان‌ له‌ سووريا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى سووريا تاووتوێ كران و ده‌رباره‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

٠ هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوبه‌شى و به‌شداريى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كانى سووريا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كه‌دا و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌مووان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌نێو پێكهاته‌كانى سووريادا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كان.

٠ پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريادا وه‌ك گەرەنتييه‌ك بۆ به‌ديهێنانى داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد له‌و وڵاته‌، دۆخى كامپى هۆڵ و ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سووريا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×