نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنۆیەمین دیداری سلێمانی وتی "هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکی چەند ملیۆنی وەک کورد هەرگیز سەقامگیریی بۆ ناوچەکە ناهێنێت".
ئاوێنە: نێجیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە سلێمانی هەمیشە چرای روناکی کلتورو فرەیی سیاسیو قەڵایەکی بەرزی نیشتیمانپەروەری بووە، ئەو وتی "کورد یەکێکە لەنەتەوە گەورەکانی ناوچەکەو کاتی ئەوەیە ئاوڕێکی جدی لەپرسی کورد بدرێتەوە، کە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، ناوچەکە ئارامیو سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت، بارزانی وتی "هەوڵی سڕینەوەی میللەتێکی چەند ملیۆنی هەرگیز سەقامگیریی بۆ ناوچەکە ناهێنێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کورد پشتیوانی لەپرۆسەی ئاشتی کورد لەتورکیاو سوریا دەکات، ئەو وتی "پێسکەوتنی هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق".
بارزانی باسی لەتێکچوونی کەشوهەوا کردو وتی "گۆرانی کەشوهەوا هەڕەشە لەچارەنوسی مرۆڤایەتی دەکات، هەر ئێستا لەبەر نەمانی ئاو بەهەزاران کەس ناچاربوون شوێنی نیشتەجێ بوونیان بەجێبهێڵن".
هەروەها وتی "پێویستە لەم دۆخەدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوەو پێویستە کابینەی داهاتووش وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیان بێت".