بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا بەبۆنەی بە پارێزگابونی هەڵەبجەوە رایگەیاند، بەپارێزگابونی هەڵەبجە بەرپرسیارێتیمان زیاتر دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە وەک یەک تیم بە پرۆژە و کارکردن خزمەتی خەڵکی هەڵەبجە بکەین.
ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەیدا وتوشیەتی، "بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەمومان یەک چارەنوس و مێژوی هاوبەشی پڕ لە قوربانیدان و شانازیمان هەیە و ئومێدمان پێدەبەخشێت کە بە یەکگرتویی و پێکەوەییمان دەتوانین خزمەتی زیاتری گەلەکەمان بکەین."
دەقی پەیامەكە:
ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوییە، منیش هێندەی هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دڵخۆشم، چونکە گەیشتین بە یەکێک لەو ئامانجانەی چەند ساڵێکە هەوڵی بۆ دەدەین تاوەکو کەمێک لە ئازاری کەسوکارەکانی خۆمان کەم بکەینەوە.
لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانم ئاراستەی هەمو ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە داوە و لە رابردودا پەرۆشانە لە هەوڵدابون بۆ سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژوییە.
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەمومان یەک چارەنوس و مێژوی هاوبەشی پڕ لە قوربانیدان و شانازیمان هەیە و ئومێدمان پێدەبەخشێت کە بە یەکگرتویی و پێکەوەییمان دەتوانین خزمەتی زیاتری گەلەکەمان بکەین.
هەڵەبجەییە سەربەرزەکان شایەنی هەمو پاداشت و خزمەتکردنێکن، دڵنیاتان دەکەمەوە چۆن لە رابردودا هەمیشە لەگەڵتان بوین، ئێستاش بە هەمان رۆحیەتەوە بەردەوام دەبین و پارێزگاری لە مافەکانتان دەکەین.
لای ئێمە هەڵەبجە هیوایە بۆ ئایندەمان، ئامۆژگاریی سەرۆک مام جەلالە کە هەرچیمان لەدەستبێت دەبێت بۆ هەڵەبجەی بکەین و بەپارێزگابونیشی بەرپرسیارێتیمان زیاتر دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە وەک یەک تیم بە پرۆژە و کارکردن خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە بکەین.
هەر شاد و سەربەرزبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان