گۆڤارێكی ئەمریكی پێشنیاریی سەپاندنی سزا بەسەر عێراق دەكات
  2025-03-13       155       

گۆڤارێكی ئەمریكی هەنگاوێكی ئەمریكای بڵاوی كردەوە، بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە هەژمونی ئێران لە عێراقدا، هەروەها عێراقی بە “مانگایەكی شیردەر” بۆ بەرژەوەندی ئابووری ئێران وەسفكردووە، هاوكات، ئەو گۆڤارە پێشنیاریی سەپاندنی سزا بەسەر بەغدا دەكات.

ئاوێنە: گۆڤاری فۆرین ئیفایرز، كە نزیكە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە پێشنیاریی سەپاندنی سزا بە سەر عێراقدا ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە کە تیایدا هاتووە، ئەمریكا خواستی هەیە، بۆ كۆتاییهێنان بە هەژمونی ئێران لە عێراقدا ئەوەش بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی كاریگەرییەكانی، هەروەها حكومەتی عێراق لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی كۆنترۆڵكراوە” كە نزیكن لە ئێرانەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت سەرنجی واشنتۆن بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، ئەوەش بە ڕاگرتنی هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل.

باس لەوەشكراوە، دوای ڕووخانی حزبوڵا لە لوبنان و ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سووریا، حكومەتی ئێران پێگەی لە ناوچەكەدا لەدەستدا، ئێستاش بە تەواوەتی وابەستەی عێراق بووە، كە وەك دوا كارتی خۆی لە ناوچەكەدا دەیبینێت، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە”.

 ئەوەش هاتووە، واشنتۆن ئێستا سوود لە هاوكارییەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق و ترساندنی بە بەركەوتنی سزاكان وەردەگرێت هەربۆیە فشارەكانی لەسەر عێراق زیاتر كردووە، بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندییەكانی لەگەڵی ئێراندا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێستا ئەمریكا كار بۆ كەمكردنەوەی هەژمونی ئێران لە عێراق دەكات و واشنتۆن لەم ڕێگەوە ئامانجەكەی بەدەست دەهێنێت، نەك لە ڕێگەی كردەوەی سەربازی فراوان دژ بە لایەنگرانی ئێران لە عێراق، بەڵكو لە ڕێگەی بەكارهێنانی دیپلۆماسی توند و هەڕەشەی سزاكان و هەڵمەتی هەواڵگریی.

لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، عێراق ئێستا وەك “مانگایەكی شیردەرە” بۆ ئێران، بە تایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە، دەبێت لە ڕێگەی فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریكاوە عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا دەپچڕێنێت، ئەگەر عێراق ڕەتیبكاتەوە ملكەچی خواستی واشنتۆن بێت ئەوا ڕووبەڕووی سەپاندنی سزا و بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی بەرژەوەندییەكانی دەبێتەوە.

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، حكومەتی ئەمریكا هەرچەندە بایەخی تەواو بە عێراق نادات، بەڵام بڕیاریداوە عێراق لەدەست ئێران دەربكات، هەروەها ئێران بەم نزیكانە عێراق لەدەست دەدات، ئەوەش گەورەترین سوودی بۆ ئەمەریكا دەبێت.

ئەم لەكاتێكدایە، ئەمریكا چەند جارێك لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆوە سەرۆك وەزیرانی عێراقیان ئاگادار كردوەتەوە لەوەی كە دەبێت بەزووترین كات بەغدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران بپچڕێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×