شەڕو پێکدادان لەنێوان گروپێکی چەکداریی عەلەوی‌و سەربازانی سوریا پەرەدەستێنێت: دەیان کوژراوو بریندار هەیە
  2025-03-06       903       
دیمەنی پێكدادانی گروپێكی چەكدارو هێزە ئەمنییەكانی سوریا لە ناوچەی جەبلەی سەربە لازقیە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ناوچەكانی دەوروبەری شاری لازقیەو جەبلەو چەند ناوچەیەکی دیکەی کەنارەکانی سوریا، گروپە چەكدارە عەلەوییەكان كە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەپاشماوەكانی سەر بەرژێمی بەشار ئەسەد تۆمەتباریان دەكەن، هێرشیان كردە بەسەر چەند بنكەیەكی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی سوریا و لە ئاكامدا نزیكەی 20 كەس كوژراون.

ئاوێنە: بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە هێرشی گروپە چەكدارەكاندا بۆ سەر هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق لە دەوروبەری شاری لازقیە، 16 كەس لە هێزە ئەمنییەكانی سوریا كوژراون و لانیكەم سێ چەكداری سەربەو گروپانەش كە ھێرشیان كردوە كوژراون.

هاوكات لەگەڵ ئەو هێرشانەدا لە بەشێكی دیكەی شارە كەناراوییەكانی سوریا گرژی دروست بوە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە ناوچەكانی ئیدلب و دیمەشق و هێزی زیاتریان رەوانەی ئەو شارانە كردوە.

هاوكات دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە تەرتوس و جەبلە و هەروەها لە شاری حمس-یش قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاندوە.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەكان هێشتا شەڕو پێكدادان لە هەندێك ناوچەكانی كەناراوییەكانی سوریا بەردەوامن و لە بەشێك لە شارەكانی دیكەی وەك ئیدلیب و دیمەشق و حەماش لایەنگرانی دەسەڵاتەكەی دیمەشق هاتونەتە سەر شەقامەكان و دروشمی پشتیوانی بۆ دەسەڵاتەكەی ئەحمەد شەرع دەڵێنەوە.

هێرشەكانی ئەمڕۆی گروپە چەكدارەكانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەكانی سوریا، بە توندترین هێرش دەژمێردرێن لەدوای روخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×