وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند "پەکەکە تێگەیشتووە کە بەتیرۆر ناگات بەهیچ، نابێت خۆیان لەکرۆکی بابەتەکە بدزنەوە بەناوی ئاگربەستەوە، ئاگربەستمان ناوێو دەبێت پەکەکە دەستبەجێو بێ هیچ مەرجێک چەک دانێو خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
ئاوینە: وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا، زێکی ئاکتورک لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "جێگەی سەرنجە کە پەکەکە تێگەیشتووە، ئەگەرچی درەنگیشە، کە ناتوانێت بەتیرۆر بگاتە هیچ شوێنێک، ژیانی خۆی تەواوکردووەو هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لەهەڵوەشاندنەوەی خۆی. پەکەکەو هەموو گروپەکانی پەیوەست بەو رێکخراوە دەبێت کۆتاییان پێبێت".
ئەو وتی "دەبێت چالاکییە تیرۆریستییەکانیان کۆتایی پێبێتو خۆیان هەڵبوەشێننەوەو دەستبەجێو بێ هیچ مەرجێک چەکەکانیان دابنێنو ڕادەستمانی بکەنەوە، نابێت هەوڵ بدرێت بەهێنانەکایەی پرسگەلێکی وەک ئاگربەست، سەرلێشێواوی دروست بکرێت".
سەبارەت بەو چالاکییانەش کە لەهەفتەی ڕابردوودا دوای ئاگربەستی پەکەکەو پەیامەکەی ئۆجەلان لەلایەن سوپای تورکیاوە دژی گەریلاکانی پەکەکە ئەنجامدراون. ئاکتورک وتی "لەئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەشێوەیەکی بەردەوامو یەکلاکەرەوە ئەنجامدراون لەباکوری عێراقو سوریا، بۆ بەتەواوەتی نەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆریستی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمان، لەپێناو مانەوەو ئاسایشی وڵاتەکەمان بەردەوام دەبین لەئۆپەراسیۆنەکانو چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین لەناوچەکەداو بەردەوام دەبین لەشەڕی دژی تیرۆر تا یەک تیرۆریست بمێنێت".