لە بەرامبەر کشانەوەی دانپێدانان بە پێنج زانکۆی ئەهلی کەرکووک و موسڵدا، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری دانپێدانانی بە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.
ئاوێنە: لەمبارەیەوە بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە ئاڕاستەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، بڕیاری دانپێدانانیان بە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە.
هەروەها لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوەی خوێندنی باڵای عێراق دوای ئەوە هاتووە کە هەرێمی کوردستان دانپێدانانی بە زانکۆکانی “جەعفەری سادق، قەڵەم، کیتان، نور و حەدبا” هەڵوەشاندووەتەوە کە دەکەونە کەرکووک و موسڵەوە.
هاوكات ئەوەشخراوەتەڕوو کە پێشتر نووسراویان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە کە ئەگەر بڕیارەکەی ڕانەگرێت، ئەوا مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمدا دەکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی وەڵامی نووسراوەکەیان نەداونەتەوە، بڕیاری داننانیان بە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.