سودانی: پەلەبكرێت لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
  2025-02-22       166       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، پێویستە كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم پەلەبكەن لە دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، سودانی لە كۆبونەوەكەدا ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتنە هاوبەشەكان كردوەو بەتایبەت جێبەجێكردنی هەمواری یاسای بودجە كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوەو پەیوەستە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم پەلەبكەن لە دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنەوەی لەڕێگەی بەندەی جەیهانی توركییەوە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی كۆبونەوەكەوە وتویەتی، "هه‌ردولا داكۆكييان له‌سه‌ر پێويستيى خێراكردنى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌لايه‌ن كۆمپانيا نه‌وتييه‌كانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان‌ و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له ‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌يهانى توركييه‌وه‌ كرد كه‌ به‌ خێرى ته‌واوى عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌."

لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتوە، نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌مو پرسه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌رده‌واميى په‌يوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگى و هاوكاريى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ له‌ هه‌مو ئاسته‌كاندا كرده‌وه.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×