محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی پابەندبوە بە سیاسەتێكی هاوسەنگەوەو خواستی بۆ چونە نێو هیچ جەمسەرگیرییەك نەبوە. دەشڵێت: عێراقمان رزگاركرد لە لێكەوتەكانی وابەستەبون بەو هەنگاوانەی كە بەرژەوەندی و ئیرادەی گەلەكەمانیان لەبەرچاو نەگرتبو.
ئاوێنە: ئەو قسانەی سودانی، ئەمڕۆ شەممە، لە میانی وتەیەكدا هاتن كە لە كۆنفراسی دیالۆگی بەغدا پێشكەشی كرد.
سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی، هەمو كات دەرفەت لەبەردەم دیالۆگی نیشتمانیدا هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم دۆسیە و بابەتەكان، ئەوەش ئەو رێگەیە بوە كە عێراق لە سیاسەتی دەرەوەدا گرتویەتییە بەر كاتێك پابەندبوە بە هاوسەنگی هێزەكانەوەو خواستی نەبوە بۆ چونە نێو هیچ جەمسەرگیرییەك و كاری كردوە لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی هەوڵیان داوە بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی جەنگ، هاوكات لەگەڵ ئەوەش عێراق هەڵوێستی خۆی بەرامبەر پرسە دیارەكانی ناوچەكە لە پێش هەموشیانەوە دۆزی فەلەستین پاراستوە.
سودانی ئەوەشی خستەڕو"پابەندبوین بە سیاسەتی هاوسەنگییەوە، روبەڕوی زۆر موزایەدە و پێشنیاری ناواقیعی و خاڵی لە دوربینی و بەرپرسیارێتی بوینەوە، كارمان كرد لەسەر پشتیوانیكردنی هاوسەنگییەكی ورد بۆ رزگاركردنی عێراق لە لێكەوتەكانی وابەستەبون بەو هەنگاوانەی كە بەرژەوەندی و ئیرادەی گەلەكەمانیان لەبەرچاو نەگرتبو."
سودانی جەختیشی كردەوە، لەڕێگەی گفتوگۆیەكی بەرپرسیارانەوە، كۆتاییمان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش هێنا و پەیوەندییەكەمان لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانییەكە گواستەوە بۆ پەیوەندیی دوقۆڵی و هەماهەنگی ئەمنی.