لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری وەزیری كارەبای كردو لە كۆبونەوەی نێوانیاندا سەرۆكی لیژنەكە جەختی كردەوە كە راگرتنی لەناكاوی هاوردەكردنی غازی ئێران، هەڕەشەی دەڕمانی سیستمی كارەبای عێراق دەكات.
ئاوێنە: لیژنەی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەكەیان میوانداری زیاد عەلی فازڵ، وەزیری كارەبا و چەند بەرپرسێكی وەزارەتەكەی كردوە.
لە كۆبونەوەكەدا پلانی وەزارەتی كارەبا بۆ وەرزی هاوینی داهاتو و رێگاكان و پڕۆژەكانی پەیوەندیدار بە زیادكردنی بەرهەمی وزەی كارەباو ئەو ئاڵەنگارییانەی كە روبەڕوی وەزارەتی كارەبا دەبنەوە لەگەڵ پرسی راگرتنی هاوردەكردنی غاز لە ئێران و لێكەوتەكانی لەسەر سیستمی كارەبای نیشتمانی تاوتوێ كراون.
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختی لەسەر زیادكردنی داهاتی كارەبا كردۆتەوە بەڵام وتویەتی، ئەوە بە مانای زیادكردنی نرخی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان نایەت.
وتوشیەتی، ئەوەی وەزارەتی كارەبا لە كەرتی كارەبادا خەرجی دەكات زیاتر لە داهاتی وەزارەتەكە.
عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی وتوشیەتی، راگرتنی لەناوكای هاوردەكردنی غازی ئێران هەڕەشەی داڕمان لە سیستمی كارەبای نیشتمانی دەكات و بەوهۆیەشەوە سزاكان عێراق دەكەنە ئامانج نەك ئێران.