کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە شەپۆلێک باران و بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەفر بە تێکەڵى لەگەڵ باران دەبارێت.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، پێشبینی هاتنى شەپۆڵى باران و بەفر دەکرێت، بەو هۆیەوە ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شەپۆڵێکى باران بارین و بەفر بارین و نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما :
ئاماژە بەوەکراوە، کاریگەرى ئەم کەشە زستانیە بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک لە درەنگانى شەوى چوارشەممە تا ڕۆژى یەک شەممە بەردەوامى دەبێت، لە ئەنجامى یەکگرتنى دوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور زۆرترین کاتى دابارین لە ڕۆژى پێنج شەممە پێشبینی دەکرێت .
کەشناسی پێشبینی دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنى باران بارین لەسەر ناوچە سنووریەکان بەفر بارینیش دەست پێ دەکات، پاشان لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەواییەکى ساردتر بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان و سەنتەرو قەزاى ناوچە شاخاوییەکان وە سەنتەرى پارێزگاى دهۆک و سلێمانى و هەڵەبجەو ئیدارەى ڕاپەڕین و زاخۆ دەبارێت.
هەروەها پێشبینی دەکات، لەگەڵ نزم بوونەوەى زیاترى پلەکانى گەرما بەفر بە تێکەڵى لەگەڵ باران دەبارێت.