رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەیامێکی لەبارەی کێشەی جوتیارانی کورد لە کەرکوک بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەبێت چاوەڕوانی پێشهاتی تریش بین.
ئاوێنە: لە پەیامێکدا، رێباز حەملان نوسیویەتی، “بابەتی مووچە و بودجە، جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال، جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگا لەسەر زەوییە داگیرکراوەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بابەتی مامۆستایانی کورد لە کەرکووک و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە لە بەرژەوەندی هەرێمە. هەموو ئەم کێشە هەڵپەسێردراونە کە بەردەوام دووبارە و 100بارە دەبنەوە و دەبێت چاوەڕوانی پێشهاتی تریش بین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ھۆکارەکەی ئەوەیە کە بەشێک لەو عەقڵیەتەی باڵادەستە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، هەر ھەمان عەقڵیەتی مەرکەزییەتی خۆسەپێنەری ھەیە، کە دانپێدانەنانە بە مافەکانی گەلی کورد و چاویان ئەو دەستوورەش نابینێ کە خۆیان دەنگیان پێداوە”.
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق باسیلەوەشکردووە، “ئەو هەستە پڕ لە قینەی ھەندێک لایەن و کەسی باڵا دەست ھەیانە کە ناتوانن ئەو ئاوەدانی و ئەو پێشکەوتنەی کە هەرێمی کوردستان لە حوکمڕانی خۆیدا کردی، ئەوان پێیان نەکرا بە فرۆشتنی ملیۆنان بەرمیل نەوت رۆژانە نەیانتوانی ژیانی خەڵکەکەیان لە باشوور و ناوەڕاست ببەنە ئاستێکی خۆشگوزەران و شیاو و ئارام”.
نوسیویشیەتی، “ئەوەی جێگای داخە یەکنەبوونی نێو ماڵی کورد بەتایبەت بەرامبەر بەغداد و نەبوونی یەک ھەڵوێستی نوێنەرانی کورد لە بەغداد، لە بەرامبەر رەفتارە جۆراوجۆرەکانی مامەڵەی عێراق لەسەر هەموو پرسەکان، کە بەرامبەر هەرێم دەکرێت وایکردووە هەر رۆژە و بە ناوی دۆسییەکەوە کێشە بۆ نەتەوەی کورد دروست بکەن، لە ناو هەرێم و لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێم کە دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغداد ببنە دەنگێکی بەرز و بە بیرێکی نەتەوەییانە کار بۆ چارەسەری ریشەیی هەموو پرسەکان بکەن”.
دوێنێ دووشەممە هێزێکی سەر بە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان و رێگریی کارکردنیان لێکردن و داوایان لێکردن زەوییەکانیان چۆڵبکەن. ئەم رووداوە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.