رۆیتەرز: پێنج بانكی دیكەی عێراق مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمەریکیان لێ قەدەغە دەکرێت
  2025-02-16       1104       

ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەزاری دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، بانكی ناوەندیی عێراق، مامەڵەكردن بە دۆلار لە پێنج بانكی دیكەی ناوخۆ قەدەغە دەكات.

ئاوێنە: یەكێك لە سەرچاوەكان وتویەتی، هەنگاوەكەی بانكی ناوەندیی عێراق، لەدوای كۆبونەوەكانی هەفتەی رابردوی بانكەكە دێت لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاو بانكی فیدراڵی ئەو وڵاتە كە لە دوبەی بەڕێوەچون.

پێنج بانكەكە بریتین لە بانكی ئیسلامی مەشریق ئەلعەرەبی، بانكی ئەلموتەحید بۆ وەبەرهێنان، بانكی ئیسلامی ئەلسەنەم، بانكی ئیسلامی میسك و بانكی ئیسلامی ئەمین ئەلعراق.

هەروەها سێ كۆمپانیای بواری خزمەتگوزارییەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنیش مامەڵەكردنیان بە دۆلار لێ قەدەغەكراوە كە پێكدێن لە كۆمپانیاكانی: ئەموال، ساقی و ئەقسا.

بێبەشكردنی ئەو بانك و كۆمپانیایانە لە مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكی لە چوارچێوەی هەوڵەكاندایە بۆ روبەڕوبونەوەی سپیكردنەوەی پارەو بەقاچاخبردنی دۆلار و پێشێلكارییەكانی دیكەی كەرتی بانكی لە عێراق.

ساڵی رابردوش بانكی ناوەندیی عێراق، مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكی لە هەشت بانكی ناوخۆ قەدەغەكرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×