هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە ساڵیادی دەستگیركردنی رێبەری پەكەكەدا دەڵێت، مەرجی سەرەكی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی چارەسەری، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیە.
ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە، ئەمڕۆ هەینی، لە ساڵیادی دەستگیركردنی رێبەبەری پەكەكەدا بە پیلانێكی نێودەوڵەتی، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو وتی، 26 ساڵ "بەسەر پیلانگێڕیی نێوەدەوڵەتی 15ی شوبات لە دژ ڕێبەر ئاپۆ، تێپەڕبو...لەبەر شێوازی پێکهێنانەکەی و ئامانجەکانی بوە یەکێك لە نامەردترین هێرشەکانی مێژوی مرۆڤایەتی."
ئاماژەی بەوەشداوە، "هێزەکانی مۆدێرنەی سەرمایەداری کە ناتوانن ستاتۆی ئێستا زیاتر بەڕێوەبەرن، سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان کردوە بە ڕۆژڤی خۆیان. ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی شەڕی سێیەمی جهیانیدا بەردەوامە. بەڵام، وەک ئەوەی لەمڕۆدا هەیە، لەم قۆناغە مێژویەدا هێزەکانی مۆدێرنەی سەرمایەداری کاتێک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزان دەکەن، خواستی ئازادی و دیموکراسی گەلانیان بە بنەما نەگرتوە، بە پێچەوانەوە بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانییان بە بنەما گرتوە. بۆیە تێکۆشانی ئازادی کوردستانیان لە پێش بەرژوەندییەکانیاندا بە ئاستەنگ بینیوە، ویستویانە ئەم تێکۆشانە لەناوبەرن. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بەم ئامانجەوە هاتووەتە ئاراوە. بۆیە بە ئاشکرا دەبینرێت لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی 15ی شوباتدا تێکۆشانی ئازادی گەلان و هیوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتی بە ئامانج گیراوە."
كەجەكە وتوشیەتی"لە ئەنجامی تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕێ نێوەنەتەوەییدا کە ئەم تێکۆشانە بە هەڵمەتی ئازادی جیهانی گەیشتە لوتکە، پیلانگێڕی نەک بە تەنها بەتاڵکراوەیە، هاوکات لە دەوری پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئافراندنی ژیانی دیموکراتی هەنگاوی دەستپێکی هاویشت. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین تاریکی تێکشاوە و ڕوناکی ڕۆژ دەرکەوتوە. خۆرێک سەرلەنوێ بئافرێ، هەمومان ڕوناک و گەم بکاتەوە."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ڕای گشتی دەزانێت ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت لە 26ەمین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕییدا پرۆسەیەکی نوێ دەستپێبکات. ئەمە ماوەیەکی زۆرە ڕێبەر ئاپۆ بۆئەوەی شەڕ ڕابگرێت و رێگە بۆ سیاسەتی دیموکراتی بکاتەوە، بە هەوڵدانی زۆر هەستاوە. بەڵام دەزانین هەمو جارێک ئەم هەوڵدانانەی ڕێبەر ئاپۆ، لە لایەن هێزەکانی دژبەری دیموکراتیبون و ئازادی ئاستەنگیان بۆ دروست دەكرێت. ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا پرۆسەیەک کە هاوسەنگییەکانی تێدا دەگۆڕێت و گفتوگۆی سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی تێدا دەکرێت، ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەری كردوەو ئەمەش پۆتانشیاڵێکی لە خۆدا هەڵگرتوە بە بەراورد بە پێشو ئەنجامی زیاتر بگرێت."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"وەک دەبینرێت دەستوەردانی هێزەکانی مۆدێرنەی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشەدانیان نەئافراندوە، بە پێچەوانەوە تەنیا وەک لە نمونەکانی غەززە و سوریادا ڕێگە بۆ ئازار و پرسی گەورەتر دەکاتەوە. جددیترین کارەکتەر و یەکێک کە ئامادەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەربازبون لەم پرسانە، ڕێبەر ئاپۆیە. چ بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتایهێنانی شەڕ لە کوردستان، چ بۆ چارەسەری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆ بە ئایدیاترین ڕێبازی چارەسەرییە، هەروەها ژیانی مۆدێرنەی دیموکراتی کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخراوە، ڕاسترین مۆدێلی ژیانە کە ئاسۆیەکی نوێی لەگەڵ سۆسیالیزم دەکاتەوە و ئیمکان بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکرتیانە دەڕەخسێنێت."
وتوشیەتی"بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت پێشی بخات، لە ڕۆژگاری ئێستاماندا ئەنجامێکی قوڵ دێنێتە ئاراوە. هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەم لە جیهان پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی دەستپێدەکات. بێگومان ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتن دەگاتە ئەنجام، پێشمەرجی ئەمەش ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. بۆیە دەبێت تێکۆشان مەزن بکرێت و ڕێبەر لە چەقی ئەم تێکۆشانەدا جێ بگرێت."
كەجەكە داواشی لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و بەتایبەت گەلی کورد و ژنان و مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخواز و هەمو ئەو کەسانەی بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن، كردوە، پشتگیری لەم پرۆسەیە بکەن کە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت پێشی بخات و دژی ئەو هێزانەی دەیانەوێت ڕێگە لەمە بگرن، هەڵوێست وەربگرن و تێکۆشانی زیاتر بکەن.
لە كۆتاییشدا وتویەتی، "لێرەوە دوپاتی دەکەینەوە، ئەو هێزانەی ڕۆڵیان لە پیلانگێڕییدا هەیە، پێویستە دەستبەرداری هەڵوێستی خۆیان ببن و ڕێز لە ئیرادەی گەلی کورد بگرن."