وەزارەتی دارایی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
  2025-01-31       124       

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی شاندی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی گفتوگۆیان لەبارەی بودجە، موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانەوە كردوە، هەروەها گفتوگۆكان لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا بون و بەردەوام دەبن بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە و سبەی شەممە کۆبونەوەکان بەردەوام دەبێت.

ئاوێنە: وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی فواد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوری عێراق کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی خاتو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچو.              

ئاماژەی بەوەشكرد، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، شاندی هەرێم  ئامادەیی خۆیان دوپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا. 

ئەوەشی خستەڕو، لەبەشێکی دیكەی کۆبونەوەکەدا باس لە بەرەو پێشچونەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" کرا و بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕو، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی موچە خستەڕو کە پێی پلانەکە، بۆ ئەم مانگە نزیکەی 274 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی موچە وەردەگرن. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بڕیارە سبەی شەممە کۆبونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە تا هەردولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.   

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×