هەسەدە: دوێنێ لانیكەم 12 چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون
  2025-01-31       202       

هەسەدە رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی میلیشیاكان و سوپای توركیادا لە ناوچە جیاجیاكانی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان، لانیكەم 12 چەكداری میلیشیاكان كوژراون و 25ی دیكەش برینداربون كە سیانیان سەربازی توركیا بون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەمڕۆ هەینی، ئاماری شەڕەكانی دوێنێی نێوان شەڕڤانان و چەكدارانی میلیشیاكانی سەربە توركیای لە ناوچە جیاجیاكانی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بەرامبەر هێرشەكانی میلیشیاكان و سوپای توركیادا، شەڕڤانان لە باشوری منبج، كۆمەڵێك چەكداری میلیشیاكانیان كردۆتە ئامانج و لە چالاكییەكەدا چەند چەكدارێك كوژراون و برینداربون كە ژمارەیان بەتەواوەتی نەزانراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە هەمان بەرەی شەڕ، درۆنەكانی هەسەدە، گورزیان لە سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی میلیشیاكان وەشاندوەو هەروەها كۆمەڵێك چەكداریان كردونەتە ئامانج و لە ئاكامدا چوار چەكدار كوژراون كە دوانیان ئۆزبەكی بون و هەروەها 12 چەكداری دیكەش برینداربون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە بەرەی پردی قەرەقۆزاق لە چالاكییەكی شەڕڤاناندا بۆ سەر بنكەیەكی سوپای توركیا، سێ سەربازی ئەو وڵاتە برینداربون و زرێپۆشێكی توركیاش پێكراوەو هروەها سێ چەكداری میلیشیاكان برینداربون و دو ئۆتۆمبێلیشیان پێكراون.

بەپێی راگەیەندراوەكە هەر لە هەمان بەرە، لە چالاكییەكی دیكەی شەڕڤاناندا، هێرشكراوەتە سەر بنكەیەكی میلیشیاكان و لە ئەنجامدا پێنج چەكدار برینداربون لەبەرامبەردا سوپای توركیا هێرشی ئاسمانی چڕی كردۆتە سەر گوندەكانی ناوچەكە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە بەرەی دێر حافیر، دلرۆنی توركیا بنكەیەكی هەسەدەی بۆردومان كردوە، لە ئاكامدا دو شەڕڤان بە سوكی برینداربون و هاوڵاتییەكی مەدەنیش شەهیدبوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا، شەڕڤانان دو چالاكییان لە دژی هێزەكانی میلیشیاكان ئەنجامداوەو لە ئاكامی چالاكی یەكەمدا 6 چەكدار كوژراون و لە چالاكی دوەمیشدا دو چەكداری دیكە كوژراون و دوانی دیكەش برینداربون و هەروەها سێ ماتۆڕسكیلی چەكدارەكانیش لەناوبراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×