بڕیاری جێبهجێكردنی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاكوانی كوردی ئێران ڕاگیرا و میدیاكانی ئێرانیش دەڵێن، "گۆڕانكاری لە حوكمی دۆسیەكەدا ڕوینەداوە، تەنها پارێزەری پەخشان عەزیزی تانەی لە بڕیارەكە داوە، پێی ڕێکاری ئاسایی دادوەری سزاكە ڕاگیراوە".
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، "هیچ گۆڕانکارییەک لە حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاك) ڕوینەداوە و تەنیا بە گوێرەی ڕێکاری ئاسایی دادوەری، پارێزەری دۆسیەی پەخشان عەزیزی تانەی لەو سزایە داوە، ئەوەش بوەتە هۆی ڕاگرتنی سزاكە".
پەخشان عەزیزی، بەندكراوی سیاسی كورد و لەدایکبوی ساڵی 1984 و خەڵکی مهابادە، بە تۆمەتی هەڵگەڕانەوەی چەكدارانە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوە. رۆژی 8ی ئەم مانگە پەسەندكردنی ئەو سزایە لەلایەن دادگای باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راگەیەندرا.
پێشتر ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزیش رایگەیاندبو، لە دۆسیەکەیدا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت، ئەو بەندکراوە چالاکی چەکداری هەبوە.
ئەوە لەكاتێكدایە لە 23 ی مانگی (تەمموز/7) ساڵی 2024 دا لقی 26 ی دادگای پاسدارانی تاران سزای لە سێدارەدان و چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پەخشان عەزیزیدا سەپاند، دادوەری دادگاکە ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "یاخیبون لە ڕێی ئەندامێتی لە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆندا" عەزیزی تۆمەتبار کرد. لە هاوینی ساڵی 2023 دا پەخشان عەزیزی دەستگیرکرا و لەو کاتەوە لە زینداندایە.
هەفتەی ڕابردو مای ساتۆ، نێرەدی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەسەندکردنی فەرمانی لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکەوانی مەدەنی کورد کە لە زیندانی ئەوین لە تاران دەستبەسەرە.
پەخشان عەزیزی، دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش سەردانی باشور و رۆژاڤای کوردستانی کردوە و لە کەمپی پەنابەراندا وەک یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بە تایبەت هاوکاری ژنان و منداڵانی کرد.
شەش ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی 15ی ئەم مانگە لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند، پەخشان عەزیزی لە عێراق و سوریا وەک یاریدەدەرێکی کۆمەڵایەتی هاوکاری ئاوارەکانی شەڕی کردوە و تۆمەتبارکردنی بە چالاکی چەکداری بێ بنەمایە.