هەسەدە هەواڵێكی میدیای سوریا لەبارەی هەوڵی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە حەڵەب رەتدەكاتەوە
  2025-01-11       271       

هەسەدە رایگەیاند، میدیای رەسمی سوریا بڵاویكردۆتەوە هێزەكانی ئاسایشی گشتی وڵاتەكە لە حەڵەب دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراودا گرتوە كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە بەرەو حەڵەب رۆیشتوە. هەسەدە دەشڵێت، ئەو تۆمەتانە هەڵەن و بێ بەڵگەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی رەسمی هەواڵی سوریا-سانا لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەوە بڵاویكردەوە كە ئاسایشی گشتی سوریا بە هاوكاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری، دەستیان گرتوە بەسەر ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراودا لە نزیك حەڵەب كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە هاتوە.

لەوبارەیەوە كەمێك لەمەوبەر ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، "ئاژانسی هەواڵی سانا رایگەیاندوە كە لە حەڵەب دەست بەسەر ئۆتۆمبێلكدا گیراوەو بانگەشەی ئەوەی كردوە كە ئۆتۆمبێلەكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی ئێمەوە لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریاوە رۆیشتوە."

هەسەدە وتوشیەتی"جەحت دەكەین كە ئەو تۆمەتانە هەڵەو بەپەلەن و لەسەر بنەمای بونی بەڵگەی راستەقینەوەو لێكۆڵینەوەی شەفاف نین."

هەسەدە رونیكردۆتەوە "وەك دەزانرێت ئەو ناوچانەی كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانمان و ناوچەی حەڵەب لەیەكدی جیادەكەنەوە، پڕن لە گروپە بەكرێگیراوەكانی سەربە توركیا و بەرژەوەندیی تەواویان لێدانە لە ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئەو كەشەی ئیجابیەی كە هاوكات لەگەڵ گفتوگۆی نێوان هێزەكانمان و ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە دیمەشق دروست بوە."

هەسەدە وتوشیەتی، بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان، هێزەكانمان پێشنیاری هاریكاریی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكان لە ئیدارەی دیمەشق دەكەن بۆ لێكۆڵینەوەو ئاشكراكردنی ئەو لایەنە راستەقینانەی كە لەپشت تەقینەوەكان و ناردنی بۆمبڕێژكراوەكانن بۆ ناوچەكانی حەڵەب و ناوچەكانی دیكە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×