سەرۆکی ئەمریکا بەڵێندەدات، سەردانی کەرتی غەززە بکات و دەڵێت، دەچمە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر شوێنی دیکە دەبینم، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، ترەمپ مەزنترین سەرۆکە بۆ ئیسرائیلییەکان لە مێژوودا.
ئاوێنە: لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پاش پێشوازیکردن لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، دەچمە غەززە و سعودییەکان دەبینم، دەچم بۆ چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بێئەوەی خشتەیەکی دیاریکراو بۆ ئەو سەردانانەی دیاریبکات.
ترەمپ گوتی، ئیسرائیلم خۆشدەوێت، سەردانی دەکەم و دەچمە غەززەش. راشیگەیاند، ئەمریکا غەززە کۆنترۆڵدەکات و ئاوەدانیدەکاتەوە، سەرۆکی ئەمریکا دووبارەیکردەوە، "پلانی کۆچپێکردنی فەڵەستینییەکان وەکخۆی ماوە و کارایە".
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانەکەی ترەمپی بەدڵ بوو و گوتی، پلانی کۆنترۆڵکردنی غەززە لەلایەن ئەمریکاوە پلانێکی باشە و بۆی هەیە رێچکەی مێژوو بگۆڕێت.
بنیامین نەتانیاهوو، گوتی: پێشتر گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم، دۆناڵد ترەمپ مەزنترین سەرۆک و باشترین هاوڕێی ئیسرائیلییەکانە لە هەر دۆخێکدا.
رۆژی سێشەممە سەرکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەردانێک گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ وەک یەکەم میوانی نێودەوڵەتی پێشوازیی لە بنیامین نەتانیاهوو کرد پاش هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو.