میدیای نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم" بڵاویکردەوە، هەفتەی داهاتوو شاندی پارتەکە بۆ دووەم جار سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە و بەرپرسانی پارتەکەش بە دووری دەزانن لەو دیدارەدا پرسی چەکدانان یەکلابکرێتەوە.
ئاوێنە: هەواڵەکە کە لەسەر زاری چەند بەپرسێکی پارتی دەم بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە، لە دیدارەکەدا بنەما سەرەکییەکان و ناونیشانی پرسەکان دیاریدەکرێن و گفتوگۆ لەبارەی نەخشەڕێگەی چارەسەری کێشەکان دەکرێت.
لەبارەی پرسی چەکدانانیش سەرچاوەکان بە دووری دەزانن لە دیداری دووەمی ئیمراڵیدا بانگەوازی چەکدانان بکرێت و دەڵێن، لەم قۆناغەدا ئەگەری یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە لاوازە.
بڕیارە بەر لە دیداری دووەمی ئیمراڵی، شاندی پارتی دەم سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و چەند بەرپرسێکی زیندانیکراوی کورد بکەن و پاشانیش روونکردنەوەیەکی ورد لەبارەی کۆی سەردانەکان بڵاوبکەنەوە.
دیداری یەکەمی ئیمراڵی لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا و هەریەک لە سڕی سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەسەر بازنەی ئیستانبوڵ و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەسەر بازنەی وان، لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا کۆبوونەوە.
لە دیدارەکەدا ئۆجەلان پەیامێکی حەوت خاڵی بە شاندەکەدا و تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد و گوتی، ئامادەیە بەشداری لەو دەستپێشخەرییە نوێیە بکات کە ئەردۆغان و باخچەلی خستوویانەتەڕوو.
بەگوێرەی میدیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا، چاوەڕواندەکرێت لە سەردانی دووەمدا بۆ لای ئۆجەلان، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی دوورخراوەی مێردین بەشداربێت.
رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، باخچەلی لەناو هۆڵی پەرلەمان چووە لای تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم و پەرلەمانتارانی پارتەکە و تەوقەی لەگەڵ کردن، ئەوەش دەرگای بەڕووی قۆناغێکی سیاسیی نوێدا کردەوە.
22ـی تشرینی یەکەمی 2024، باخچەلی هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوتری لە مێژووی نوێی تورکیادا نا؛ داوای کرد ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و دواتر سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت. کە مافێکە بەو زیندانییانە دەدرێت سزای زیندانیی هەمیشەییان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دەرگای ئازادبوون و مانەوەی ناچارییان لە ماڵێكدا بۆ دەکاتەوە.
رۆژێک دواتر عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری پارتی دەم سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان یەکتریان بینی.
ئۆجەلان، لە دیدارەکەدا گوتی "ئەگەر بارودۆخ بڕەخسێندرێت، خاوەن توانای تیۆریی و پراکتیکییە بۆ گواستنەوەی ئەم دۆخە لە زەمینەی شەڕ و توندوتیژییەوە، بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی".
رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی داوایکرد، بە زووترین کات شاندی پارتی دەم سەردانی ئیمراڵی بکەن. هەمان رۆژ هاوسەرۆکانی پارتی دەم بە فەرمی داوایان لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد رێگەیان پێبدات سەردانی ئۆجەلان بکەن.