شاندێكی باڵای حكومەتی سووریا گەیشتنە سعوودیە
  2025-01-02       254       

شەوی ڕابردوو شاندێكی باڵای حكومەتی نوێی سووریا، بە بانگهێشتنامەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، گەیشتنە ڕیازی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەمەش یەكەم سەردانی حكومەتی نوێی سووریایە بۆ دەرەوەی وڵات.

ئاوێنە: میدیا عێراقییەكان سەبارەت بە سەردانی شاندێكی باڵای حكومەتی سووریا بۆ سعوودیە و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، زانیاری نوێیان بڵاو كردوە، شەوی ڕابردوو شاندێكی باڵای حكومەتی نوێی سووریا بە سەرۆكایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ئەندامیەتی هەریەك لە، مورهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی، ئەنەس خەتاب، سەرۆكی دامەزراوەی هەواڵگریی گشتی،  گەیشتنە ڕیازی پایتەختی سعوودیە، ئەمەش یەكەم سەردانی فەرمی بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی نوێی سووریایە بۆ دەرەوەی وڵات.

وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ گەیشتنی بە سعوودیە، هیوای خۆی دەربڕی كە ئەم سەردانە لاپەڕەیەكی نوێ و گەشاوە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات بكاتەوە.

دوای ٨ـی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، كە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن هێزەكانی دەستەی تەحریر شام و چەند گرووپێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆن دوای ٢٤ ساڵ كۆتایی پێهات، فەرماندەی گشتی  دەستەی تەحریر شام دەسەڵاتێكی نوێی لە سووریا دامەزراند، سەرۆكی حكوومەت و وەزیرەكانی دیاریی كرد.

دواتر زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان پشتیوانییەكانیان بۆ حكومەت و دەسەڵاتی نوێی سووریا  دووپات كردەوە و سەردانی ئەو وڵاتەیان كرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×