2025-01-02   282     
ئێران خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئامادەدەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێبەری ئەو وڵاتە دوای چەندان ساڵ، ڕازیبوە پڕۆژەیاسای بەئەندامبونی وڵاتەکەی لەگروپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ئەی تی ئێف) لەئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیدا تاووتوێبکرێت.
ئاوێنە: مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بەمیدیای وڵاتەکەی وتوه، "عەلی خامنەیی ڕێبەری وڵاتەکەی ڕازیبوە بۆ تاووتوێکردنەوەی ئەو پڕۆژەیاسایانەی پەیوەندییان بەگروپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ئەی تی ئێف)وە هەیەو هیوایخواستوە لەو ڕێگەیەوەو بەهاوکاریی هاوبەش بتوانن بوار بۆ ئاسانکاریی چالاکییە ئابورییەکانی وڵاتەکەی خۆشبکەن".
گروپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ئەی تی ئێف) دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییە، ساڵی 1989 لەلایەن وڵاتانی جی7 دامەزراوەو ئەرکی سەرەکییشی بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارەو دابینکردنی داراییی تیرۆریزمو پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژە.
پێشتریش عەبدولناسر هیمەتی وەزیری دارایی ئێران ئاشکرایکردبوو، خامنەیی ڕازیبوە، جارێکی دیکە بەئەندامبونی وڵاتەکەی لەکۆنڤێنشنەکانی پالێرمۆ بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکانو سی ئێف تی بۆ بەرەنگاربونەوەی دابینکردنی داراییی تیرۆریزم لەچوارچێوەی گروپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ئەی تی ئێف)دا لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تاووتوێبکرێت.
پێشتر پالێرمۆو سی ئێف تی لەچوارچێوەی ئێف ئەی تی ئێفدا لەدوو قۆناغدا لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تاووتوێکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێرانەوە ڕەتکراوەتەوەو لەناو ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیشدا دژی زۆر بوو، پەسندنەکراون.
حەسەن ڕۆحانیش کە سەرۆکایەتیی کابینەکانی یازدەو دوازدەی حکومەتی ئێرانی دەکرد، چەندین پڕۆژەیاسای بۆ بەئەندامبونی وڵاتەکەی لەگروپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ئەی تی ئێف)دا ئامادەکرد کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندکران، بەڵام ئەنجومەنی پاراستنی دەستور ڕەتیکردنەوە، بۆیە ساڵی 2019 بۆ تاووتوێی زیاتر خرانە بەردەستی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئەو وڵاتەوەو لەوکاتەوە تائێستا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.
مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران پێیوایە، پێویستە وڵاتەکەی ببێتە ئەندامی ئێف ئەی تی ئێفو پەیوەندییە بانکییەکانیان لەگەڵ جیهان ڕێکبخرێتەوە، هاوکات عەلی عەبدولعەلیزادە ڕاوێژکاری پزیشکیان بۆ کاروباری ئابوریی ئاشکرایکردوە، بڕیاردەرانی باڵای نیزامی ئێران بەو ئەنجامە گەیشتون ڕاستەوخۆ دانوستانی شەرافەتمەندانە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بکەنو بەرگریی لەبەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بکەن، چونکە مەرجی سەرەکیی ئابوریی دەریاتەوەر، بونی ئاشتیو ئارامیو هەڵسوکەوتی بونیادنەر لەگەڵ جیهانە.