داواكاری گشتی ئەڵمانیا ژن و مێردێكی عێراقی لەسەر بە كۆیلەكردنی دو كچی ئێزیدی تۆمەتباركرد
  2024-12-30       266       

داواكاری گشتی ئەڵمانیا، ژن و مێردێكی عێراقی بە ئەندامبون لە داعش و بە كۆیلەكردن و دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجەدانی دو كچی منداڵی ئێزیدی تۆمەتباركرد.

ئاوێنە: بەپێی ماڵپەڕی دوێچەڤیلەی ئەڵمانی، بڕیارە ئەو ژن و مێردە عێراقییە، بەم زوانە بە تۆمەتی بە كۆیلەكردن و دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجەدانی دو كچی منداڵی ئێزیدی، لە دادگای باڵای شاری میونشینی ئەڵمانیا، دادگایی بكرێن.

لە بەڵگەكانی داواكاریی گشتیی ئەڵمانیادا، مێردەكە بە "توانا هـ. س." و ژنەكە بە "ئاسیا ر. أ." ناویان هاتوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی داواكاری گشتی ئەڵمانیا، ئەو دو تۆمەتبارە ساڵی 2015 هەڵساون بە "كڕین"ی كچێكی منداڵی ئێزیدی تەمەن پێنج ساڵان لە بازاڕێكی عێراق و هەروەها كڕینی كچێكی دیكەی ئێزیدی تەمەن 12 ساڵان لە ساڵی 2017داو وەك كۆیلە بەكاریان هێناوە.

داواكاری گشتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشداوە، پیاوەكە چەند جارێكی دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر هەردو كچە منداڵەكەو لەوەشدا ژنەكەی هاوكاری بوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەردو كچە منداڵەكە ناچاركراون كە بەبەردەوامی كاربكەن و هەروەها هەردوكیان بەبەردەوامی روبەڕوی لێدان بونەتەوە، پیاوەكە بە داری ماسیحە لە كچە 12 ساڵانەكەی داوەو ژنەكەش دەستەی كچە بچوكەكەی بە ئاوی گەرم سوتاندوە. هەردو كچە منداڵەكە چەندین جار بە پاساوی "تەمێ كردن" ناچاركراون لەسەر یەك قاچ بوەستن.

بەپێی قسەی داواكاری گشتی ئەڵمانیا، بەرلەوەی ئەو ژن و مێردە سوریا جێبهێڵن لەوێ دو كچە منداڵەكەیان داون بە ئەندامانی دیكەی داعش.

ژن و مێردە عێراقییەكە، لە 9ی نیسانی ئەمساڵدا لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا دەستیگركراون و لەو كاتەوە لە دەستبەسەریدان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×