هەڤاڵ ئەبوبەكر: ئەم دۆخەی ئێستا توانست و بڕستی مانەوەی لێبڕاوە
  2024-12-12       453       

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەم دۆخەی ئێستا بەم شێوەو ناوەڕۆكە نەشیاوەیەوە، توانست و بڕستی مانەوەو بەردەوامبونی لێبڕاوە، ئەگەر بەخێرایی ریفۆرمی راستەقینە نەكرێت، ئەوا دو هێزە سەرەكییەكەی هەرێم لە خافڵگیرییدا یەكێكیان دەدات بەسەر ئەوی تریاندا یان هێزێكی پشتگیریكراوی ناوخۆیی لە دەرەوەی هەردوكیان دێت و دەدات بەسەر هەردوكیاندا.

ئاوێنە: هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێگدا وتویەتی "دو هێزی دەسەڵاتداریی مێژوکردی واقیعسەپاندوی لۆژیکقبوڵکردوی بێئەڵتەرناتیڤی ڕاستەقینەی کوردستان؛ لە بەردەم هەمو ئەم دۆخە نوێیانەدان، کە ئەگەر هۆشیاربن، تێبگەن و تەبابن، بە بیرو بەرنامەو ئامانجێکی نیشتمانیی شایستە؛ دەتوانن هەمو ئەم ئالنگارییانە بۆ دەرفەت بگۆڕن، کورد وەک چارەسەر، بۆ کێشە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش؛ پیشانبدەن."

وتوشیەتی"بەپێچەوانەوە، ئەم دۆخەی ئێستا بەم شێوەو ناوەڕۆکە نەشیاوەیەوە، توانست و بڕستی مانەوەو بەردەوامبونی لێبڕاوە، بۆیە ئەگەر بەخێرایی ڕیفۆرمی ڕاستەقینە نەکرێت، دەسەڵاتدارێتیی بۆ دەوڵەتدارێتیی و، حیزب و بنەماڵەو ماڵ و مناڵ و باڵ؛ بۆ هاوڵاتیسەنتەری و، دەسەڵاتیی تاکەکەسیی بۆ دەسەڵاتی دامەزراوەیی و، کۆمەڵگای ئەمنیی بۆ کۆمەڵگای مەدەنیی؛ نەگۆڕێن، لە قۆناغی یەکەمدا سوپاو لەشکرو زانیاریی و پاراستن و ئاسایش و داهات و دارایی و ئابوریی و ماڵیی و دادگاو جومگەکانی حوکمڕانیی و  ئەم دو هێزە بنەڕەتیی و سەرەکییە: یەکنەخرێن و ڕێکنەخرێن و پێشنەخرێن، ئەوا ئەگەرو گریمانە لۆژیکییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە پێماندەڵێن، زۆر نابات:

- هێزێکیان؛ لە خافڵگیرییدا، دەدات بەسەر ئەوی تریاندا. یان:

- هێزێکی پشتگیریکراوی ناوخۆیی؛ لە دەرەوەی هەردوکیان دێت و، دەدات بەسەر هەردوکیاندا. یان:

- هێزێکی پشتگیریکراوی عیراقیی یان ناوچەیی؛ دەدات بەسەر هەردوکیاندا. یان:

- هێزی فەرمیی دەوڵەتی فیدراڵ؛ دەدات بەسەر هەردوکیاندا. یان:

- ناڕەزایەتیی ناوخۆیی نائیدارەدراو؛ دەبێتە کەرەستەی هێنانەکایەی دۆخێک کە تەنها سەرەتاکەی دیارەو کۆتاییەکەی دیار نییە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×