شاسوار عەبدولواحید: موچە باش نەبێت و خزمەت نەكرێت، ئۆپۆزسیۆنبونی خۆمان رادەگەیەنینەوە
  2024-12-11       568       

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر موچە باش نەبێت و خزمەتی هاوڵاتیان نەكرێت، ئەوا ئۆپۆزسیۆنی بونی خۆیان رادەگەیەننەوە.

ئاوێنە: شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ به‌رنامه‌یەكی كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ وتی‌: "پیرۆزبایی له‌ گه‌لانی‌ سوریا ده‌كه‌م و ئومێده‌وارم ببێته‌ وڵاتێك هه‌مو نه‌ته‌وه‌كان تێیدا برایانه‌ بژین".

وتیشی‌: "به‌شار ئه‌سه‌د فریا نه‌كه‌وت براكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا ببات، ئه‌مه‌ باشترین نمونه‌یه‌ بۆ هه‌مو زاڵمان و سته‌مكاران".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو كه‌ "پێویسته‌ به‌رپرسان له‌ هه‌رێم پێداچونه‌وه‌ به‌ خۆیان و شكستی‌ حوكمڕانییاندا بكه‌ن، پێویسته‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم فریای‌ خۆیان بكه‌ون".

راشیگه‌یاند كه‌ "به‌رپرسانی‌ هه‌رێم باش بن و خه‌ڵك دڵخۆش بن، ئێمه‌ به‌شداری‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین، خراپ بن ئێمه‌ له‌گه‌ڵیاندا نابین".

سه‌رۆكی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "سیستمی‌ فیدڕاڵی‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ وڵاتی‌ سوریا، كورد له‌ رۆژئاوا پێشتر ناسنامه‌ی‌ پێنه‌ده‌درا، ئێستا باشترین هه‌لی‌ بۆ هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌".

وتیشی "پێویسته‌ كورد یه‌كگرتو بێت و په‌رته‌وازه‌یی زیانی‌ زۆرمان لێده‌دات، به‌ڵام پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ئێستاش كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن شاره‌كانی‌ هه‌رێم رقیان له‌ یه‌كتر بێت و هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێم نه‌ماوه‌".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ به‌رنامه‌كه‌دا شاسوار عه‌بدولواحید وتی‌: "پارتی‌ و یه‌كێتی‌ خۆیان ده‌ڵێن داهاتی‌ ناوخۆمان 300 ملیۆن دۆلاره‌، به‌ڵام نایانه‌وێت داهاتی‌ ناوخۆ بۆ موچه‌ به‌كاربهێنن. تا ئێستا كه‌س نازانێت نه‌وتی‌ هه‌رێم چۆن ده‌فرۆشرێت و داهاته‌كه‌ی‌ چه‌نده‌ و چی‌ لێدێت. كه‌س نازانێت داهاتی‌ ناوخۆ چه‌نده‌، داهاتی‌ نه‌وت چه‌نده‌، داهاتی‌ ئیبراهیم خه‌لیل و مه‌رزه‌كان چه‌نده‌. پاری‌ و یه‌كێتی‌ نه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا رێكده‌كه‌ون نه‌ داهاتی‌ ناوخۆش به‌كارده‌هێنن بۆ موچه‌ خۆران و خاڵی‌ لاواز و بیانویان داوه‌ته‌ ده‌ستی‌ به‌غدا".

سه‌رۆكی‌ جوڵانەوەی نه‌وه‌ی‌ نوێ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌گه‌ر حوكمڕانی‌ داهاتو جیاواز بێت له‌ حوكمڕانی‌ كابینه‌كانی‌ پێشو و ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت و بتوانین خزمه‌تی‌ خه‌ڵك بكه‌ین، به‌ڵێ‌ ده‌چینه‌ حكومه‌ت كه‌ ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت، به‌ڵام بزانین كه‌ ده‌سه‌ڵاتمان نابێت و وه‌زاره‌ته‌كه‌شت له‌سه‌ر تاپۆ بكه‌ن كه‌ تۆ یاسای‌ بودجه‌ و پاره‌ت نه‌بێت و وه‌زیره‌كه‌ت پاره‌ی‌ پێنه‌بێت خزمه‌تی‌ خه‌ڵك بكات، وه‌زیرمان بۆ چییه‌".

وتیشی‌: "كورد له‌به‌رده‌م قۆناغێكی‌ چاره‌نوسسازدایه‌ به‌تایبه‌ت له‌م چوار ساڵه‌ی‌ داهاتودا به‌تایبه‌تی‌ له‌ چوار ساڵی‌ ئیداره‌ی‌ تره‌مپدا له‌م ناوچه‌یه‌ زۆرشت ده‌گۆڕێت. كورد ئه‌گه‌ر خۆی‌ بۆ ئاماده‌ نه‌كات، ره‌نگه‌ زۆر شتی‌ باشی‌ له‌ده‌ست بچێت و خۆی‌ بۆ ئاماده‌ بكات ره‌نگه‌ زۆرشتی‌ باشی‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ده‌ست بكه‌وێت. بۆیه‌ پێمانوایه‌ ئه‌گه‌ر حوكمڕانییه‌كی‌ به‌هێز هه‌بێت و شتێكی‌ جیاوازمان هه‌بێت به‌وپه‌ڕی‌ شانازییه‌وه‌ ده‌چینه‌ حكومه‌ت كه‌ ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت و ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بو دێینه‌ ده‌ره‌وه‌ و دوای‌ سه‌ری‌ ساڵ‌ ده‌رگای‌ گفتوگۆ داده‌خه‌ین".

دوپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌مانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت موچه‌ رێكبخه‌ینه‌وه‌ و خزمه‌تی‌ خه‌ڵك بكه‌ین. حوكمڕانی‌ بگۆڕین. بتوانین خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان بكه‌ین له‌گه‌ڵ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ رێكده‌كه‌وین بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت. خه‌ونی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ خزمه‌تكردنی‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێم و هاوڵاتیانه‌ بێ‌ جیاوازی‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ خوا و له‌ خه‌ڵك نزیكه‌، نه‌ له‌ پارتی‌ نه‌ له‌ یه‌كێتی‌ نزیك نین، هه‌ركامیان رازی‌ بن به‌ پرۆژه‌كه‌مان ئاماده‌ین حكومه‌تیان له‌گه‌ڵدا دروست بكه‌ین.نه‌وه‌ی‌ نوێ بچێته‌ حكومه‌ت و نه‌توانێت خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان بكرێت، ده‌ست له‌كار ده‌كێشینه‌وه‌".

ئەوەشی خستەڕو"سه‌ره‌ڕای‌ ناردنی‌ نزیكه‌ی‌ سه‌دا 90ی‌ پاره‌ی‌ موچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، حكومه‌تی‌ ماوه‌به‌سه‌رچو ئاماده‌ نییه‌ دابه‌شی‌ بكات".

سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ ئاشكراشیكرد كه‌ "بزانین موچه‌ باش نابێت و خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان ناكرێت، ئۆپۆزسیۆنبونی‌ خۆمان راده‌گه‌یه‌نینه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ دانیشتنی‌ یه‌كه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت كه‌ سه‌ر به‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ-یه‌، شاسوار عه‌بدولواحید وتی‌: "پارتی‌ و یه‌كێتی‌ زۆر داوایان كرد دانیشتنی‌ په‌رله‌مان به‌ كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام رازی‌ نه‌بوین، یه‌كه‌مجاره‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ بایكۆتی‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و له‌ دو دانیشتنی‌ رابردودا ته‌نیا نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ و یه‌كگرتو هه‌ڵوێستیان هه‌بو ئه‌وانی‌ دیكه‌ چونه‌ پاڵ‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ هاوڵاتیان زیاتر به‌شداری‌ ده‌نگدان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین باشتر به‌رگرییان لێبكه‌ین، هاوڵاتیان ده‌نگیان به‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ نه‌دایه‌، ئێستا پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر بێ‌ منه‌ت ده‌بون. به‌شێكی‌ هاوڵاتیان به‌درۆی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌نگدان سارد ده‌بنه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنین. پارتی‌ و یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هاوڵاتیان باوه‌ڕیان به‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بێت و ده‌نگده‌ری‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌نگیان نافرۆشین و هه‌میشه‌ به‌رگرییان لێده‌كه‌ین و گه‌ر نه‌وه‌ی‌ نوێ و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بوینایه‌ به‌هێزتر ده‌بوین".

شاسوار عه‌بدولواحید راشیگه‌یاند كه‌ "ئامانجمان ئه‌وه‌ حكومڕانی‌ بۆ خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان بگۆڕین و كارێك ده‌كه‌ین ده‌نگده‌ره‌كانمان و ئه‌وانه‌شی‌ ده‌نگیان پێنه‌داوین، شانازیمان پێوه‌ بكه‌ن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×