لە مەنبج سێ ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی زنوبیا لە هێرشێکی ئاسمانی تورکیادا گیانیان لەدەستدا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی ژنانی زنوبیا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە تێیدا گیان لەدەستدانی سێ ئەندامی خۆی لە ئەنجامی بۆردومانی منبج لەلایەن تورکیاوە ڕاگەیاند و تێیدا هاتووە" ئێمە لە کۆڕبەندی ژنانی زنۆبیا بە دڵێکی پڕ لە خەم ماتەمینی شەهیدبوونی هەڤاڵانی ئازیزمان، تێکۆشەرانی ئازا، قەمەرئەسواد، عائیشە عەبدولقادر، و ئیمان دەگرین، لە پێناو بەرگریکردن لە خاکەکەمان و بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر منبج هەڤاڵان نموونەیەکی زیندوویان پێشکەشکردووە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، شەهیدبوونی هەڤاڵانمان کۆتایی خەباتیان نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێن و وەفادارییان بۆ دۆزی دادپەروەرانەی ئێمە، و بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆی خوێنی پاکیان خاکەکەمان ئاودێری دەکات و دەبێتە سووتەمەنی بۆ بەردەوامیمان خەبات بکەین تا سەرکەوتن بەدەست بهێنین و خاکەکەمان لە پیسی داگیرکەر ڕزگار بکەین.
ئەنجومەنەکە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر منبج و پاراستنی خەڵکی سڤیل لەو تاوانە جەنگییانەی کە ئەنجامی دەدات.