وەزیری دادی تورکیا ڕۆژی رایگەیاند، تورکیا بیر لە داواکەی پارتی دەم دەکاتەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی زیندانیکرادا.
ئاوێنە: یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بە ڕۆژنامەنوسانی وت "پڕۆسەکە بەردەوامە، کاردەکەین بۆ دیاریکردنی ڕۆژێکی گونجاو".
هاوپەیمانێکی نەتەوەپەرستی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان مانگی ڕابردوو پێشنیاری کرد پارتی دەم ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلاندا قسە بکات.
پارتی دەم لە 26ی مانگی یانزەدا داواکەی پێشکەشی وەزارەتی داد کرد تاوەکو لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە. ئۆجەلان لە ساڵی 1999 ەوە لە دوورگەیەکی باشووری ئیستەنبوڵ لە زینداندایە.
هاوسەرۆکی پارتی دەم دەیەوێت لەگەڵ ئۆجەلاندا قسە بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا دروست بکات، کە ماوەی دەیان ساڵە لە ململانێدان. بەهۆی ململانێکەوە زیاتر لە 40,000 کەس کوژراون.