وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: دوای سەردانی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ بەغداد و بردنی لیستی مووچەی مانگی کانونی یەکەم بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، تیمەکەیان توانیویەتی کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ زیادکردنی بڕی تەرخانکراو بۆ مووچە چارەسەر بکەن
ئاوێنە: دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان:
تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی کێشەی گواستنەوەی پارەی چارەسەر کرد.
دوای سەردانی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدادو بردنی لیستی مووچەی مانگی کانونی یەکەم بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.
دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان لە گەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوانە توانیان کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ زیادکردنی بڕی تەرخانکراو بۆ مووچە چارەسەر بکەن و ڕۆژی دووشەممە ( ٢٠٢٤/١٢/٩ ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە فرمانی گواستنەوەکە دەرچوو.
تیمەکەمان بەبەردەوامی لەسەر هێڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەو گەیشتنی پارەکە بەمەبەستی چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروست کراوە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوریی.
٢٠٢٤/١٢/١٠