ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت: بەردەوامبونی دەوڵەتی داگیركەری لە ئەنجامدانی كردەوە تاوانكارییەكانی، هەوڵەكانی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەباردەبات.
ئاوێنە: ئیدارەی خۆسەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: داگیركەری تورك هەوڵی ئەوە دەدات سود لە دۆخی ئاژاوەی سوریا وەربگرێت بۆ چەسپاندنی سیاسەتەكانی.
بەیاننامەكە ئیدانەی ئەو تاوانەش دەكات كە فرۆكە جەنگیەكانی توركیا لە گوندی موستەریحە لە ریفی عەین عیسی ئەنجامیانداو، بەهۆیەوە (12) هاوڵاتی بوونە قوربانی، كە زۆرینەیان ژن و منداڵبون، لەگەڵ ئەنجامدانی تاوانێكی تر لە ریفی كۆبانی، كە بەهۆیەوە دوو منداڵ بوونە قوربانی.
ئیدارەی خۆسەر داوا لەلایەنە نێونەتەوەیی و مافپەروەرەكان و هێزە چالاكەكان لەسوریا دەكات رێگە لەو رەفتارانە بگرن دژی هاوڵاتیان و لێپریسنەوە لە بەرپرسیارنی بكەن، پشتیوانی هەوڵەكانی ئیدارەی خۆسەریش بكەن بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری.