وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامێكی توندی رێباز حەملان دەداتەوە
  2024-12-09       910       

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی توندی رێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە لەبارەی كێشەی موچەو دەڵێت، كێشەی موچە هێشتا چارەسەرنەكراوەو رێباز حەملان رێگەپێدراو نییە بەناوی ئێمەوە قسەبكات و جەنابی نوێنەرایەتی عێراق دەكات نەك هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو دوشەممە لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی كێشەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، وەڵامی رونكردنەوەكەی ئەمڕۆی رێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراقی داوەتەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان وتویەتی"لەسەر بابەتی ناردنی تەمویلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، کە سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی و هەوڵەکانی وەزارەتمان بۆ چارەسەری کێشەکان و ڕۆڵی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە ئەرکی خۆی و زیاتریش لەو ڕوەوە هەستاوە، بەڵام هێشتا کێشەکان بەردەوامن و لەهەوڵی چارەسەرکردنیانداین."

وەزارەتەكە وتوشیەتی"بەدرێژایی چەند مانگی ڕابردو بەبەردەوامی تیمە تەکنیکییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هێڵ بون بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکانی لیستی موچەو بەشی زۆری کێشە هونەرییەکانی لیستی موچە چارەسەرکراون و لە ئێستاشدا تیمەکانمان لەبەغدان بۆ چارەسەری کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی هەرێم و ڕادەستکردنی لیستی موچەی مانگی کانونی یەکەم بە وەزارەتی دارایی عێراق."

ئاماژەی بەوەشداوە "سەبارەت بەڕاگەیەندراوی بریکاری  وەزارەتی دارایی عێراق کە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر موچەی هەرێم بڵاوی کردۆتەوە، هەرچەندە جەنابیان لەو ئەرکەیدا نوێیەو چەند ڕۆژێکە دەست بەکاربوە، بەبیریان دێنینەوە کە ئەو بەشێکە لەوەزارەتی دارایی عێراق، پێویست بو لەوەزارەتەکەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو کێشانە بدات کە بۆ موچەی هەرێمی کوردستان دروست کراوەو تا ئێستاش بەردەوامن."

وەزارەتی دارایی هەرێم وتوشیەتی"ئەو بابەتانەی باسی کردون لە بنەڕەتدا کێشەی دەستکردن و سیاسین کە وەزارەتی دارایی عێراق دروستی کردون، پێویستە ئەو بەڕێزە سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت لە وەزارەتەکەی خۆی نەک لە وەکیلی ئیمەوە قسەبکات، ئەوەی نوێنەرایەتی ئێمە ئەکات تیمەکانمانن کە ئێستا لە بەغدان نەک بەڕێزیان، ئەوەی قەبارەی کێشەکانی ئێمەی چارەسەرکردوە لە ڕابردودا هەر تیمەکانی ئێمە بون، لە ڕۆژی دەستبەکاربونی جەنابیانەوە تا ئێستا هەنگاوێکی ئیجابیمان لێ نەبینیوە، ئومێدەوارین بە ئەرکی خۆی هەستێت واتە کاری خۆی لە وەزارەتەکەی جێبەجێ بکات."

وەزارەتی دارایی هەرێم جەختیشی كردۆتەوە"هەمو ئەو بابەتانەی جەنابیان باسی کردون ئاگامان لێیان نییە، تیمەکانی ئێمە بەبێ ئاگاداری جەنابیان لە بەغدان، بەهیچ جۆرێک ڕێگەپێدراو نییە بەناوی ئێمەوە قسەبکات کە ئێمە کەسمان نەکردوە بە وەکیل، جەنابی نوێنەرایەتی عێراق ئەکات نەک هەرێم، پێویستە بەشێک بیت لە چارەسەری کێشەکان، ئەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان ئەکات وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی هەرێمە، بۆیە هیوادارین جەنابیان بەئەرکی خۆیان هەستن و دەسەڵاتی خۆیان بزانن، نەک بێت لە بری وەزارەتمان قسە بکات، لەم کاتەدا چاوەڕێمان دەکرد وەزارەتەکەی جەنابیان کۆی تەمویلی موچەی دو مانگی بناردایە نەک بێت هەواڵی موچە بڵاوبکاتەوە کە ئەرکی ئەو نییە."

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم:

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە

لەسەر بابەتی ناردنی تەمویلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، کە سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی و هەوڵەکانی وەزارەتمان بۆ چارەسەری کێشەکان و ڕۆڵی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە ئەرکی خۆی و زیاتریش لەو ڕوەوە هەستاوە، بەڵام هێشتا کێشەکان بەردەوامن و لەهەوڵی چارەسەرکردنیداین، سەرەڕای دۆخی هەستیاری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەی دو مانگە موچەیان وەرنەگرتوە لێرەو لەوێ هەندێک لێدوان و ڕاگەیەندراوی نابەرپرسیارانە لەسەر موچە بڵاودەکرێتەوە بە پێوستمان زانی چەند ڕاستییەک بۆ ڕایگشتی بخەینەڕو.

١- بەدرێژایی چەند مانگی ڕابردو بەبەردەوامی تیمە تەکنیکییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هێڵ بون بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکانی لیستی موچەو بەشی زۆری کێشە هونەرییەکانی لیستی موچە چارەسەرکراون و لە ئێستاشدا تیمەکانمان لەبەغدان بۆ چارەسەری کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی هەرێم و ڕادەستکردنی لیستی موچەی مانگی کانونی یەکەم بە وەزارەتی دارایی عێراق.

٢- سەبارەت بەڕاگەیەندراوی بریکاری  وەزارەتی دارایی عێراق کە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر موچەی هەرێم بڵاوی کردۆتەوە، هەرچەندە جەنابیان لەو ئەرکەیدا نوێیەو چەند ڕۆژێکە دەست بەکاربوە، بەبیریان دێنینەوە کە ئەو بەشێکە لەوەزارەتی دارایی عێراق، پێویست بو لەوەزارەتەکەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو کێشانە بدات کە بۆ موچەی هەرێمی کوردستان دروست کراوەو تا ئێستاش بەردەوامن، ئەو بابەتانەی باسی کردون لە بنەڕەتدا کێشەی دەستکردن و سیاسین کە وەزارەتی دارایی عێراق دروستی کردون، پێویستە ئەو بەڕێزە سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت لە وەزارەتەکەی خۆی نەک لە وەکیلی ئیمەوە قسەبکات، ئەوەی نوێنەرایەتی ئێمە ئەکات تیمەکانمانن کە ئێستا لە بەغدان نەک بەڕێزیان، ئەوەی قەبارەی کێشەکانی ئێمەی چارەسەرکردوە لە ڕابردودا هەر تیمەکانی ئێمە بون، لە ڕۆژی دەستبەکاربونی جەنابیانەوە تا ئێستا هەنگاوێکی ئیجابیمان لێ نەبینیوە، ئومێدەوارین بە ئەرکی خۆی هەستێت واتە کاری خۆی لە وەزارەتەکەی جێبەجێ بکات، هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە، هەمو ئەو بابەتانەی جەنابیان باسی کردوە ئاگامان لێی نییە، تیمەکانی ئێمە بەبێ ئاگاداری جەنابیان لە بەغدان، بەهیچ جۆرێک ڕێگەپێدراو نییە بەناوی ئێمەوە قسەبکرێت کە ئێمە کەسمان نەکردوە بە وەکیل، جەنابی نوێنەرایەتی عێراق ئەکات نەک هەرێم، پێویستە بەشێک بیت لە چارەسەری کێشەکان، ئەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان ئەکات وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی هەرێمە، بۆیە هیوادارین جەنابیان بەئەرکی خۆیان هەستن و دەسەڵاتی خۆیان بزانن، نەک بێت لە بری وەزارەتمان قسە بکات، لەم کاتەدا چاوەڕێمان دەکرد وەزارەتەکەی جەنابیان کۆی تەمویلی موچەی دو مانگی بناردایە نەک بێت هەواڵی موچە بڵاوبکاتەوە کە ئەرکی ئەو نییە.

٣- بۆ بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق و هەمو لایەکی دوپات دەکەینەوە، کە هەر هەواڵ و زانیاری و بابەتێکی فەرمی تایبەت بەموچە ئەرک و تایبەتمەندی وەزارەتمانەو هەر زانیاری و داتاو هەواڵێکی موچە لەپێگەی فەرمی و پێگەکانی حکومەتی هەرێم بڵاونەبێتەوە جێی متمانە نییەو ڕەتکراوەیە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەرپرس و تاکە لایەنی فەرمییە بۆ مامەڵەکردن لەسەر کات و شێوازی دابەشکردنی موچەو هتد...

وەزارەتی دارایی و ئابوری

٢٠٢٤/١٢/٩

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×