سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئاڵۆزییەی سوریای گرتوەتەوە مەترسی لەسەر کوردی عێراق و سوریا دروست دەکات، چونکە دۆزی کورد دۆزێکی هاوبەشە لەنێوان گروپە توندڕەوەکان و تورکیاو پێکەوە هەوڵی شکستهێنان بە پرۆژەی کوردی دەدەن.
ئاوێنە: سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کورد بە لەمپەر دادەنێن لە بەردەم فراوانبونی پرۆژەکانیاندا، تورکیاش لایەنگرو هاوپەیمانی بەهێزیانە، بۆیە لە قۆناغی داهاتودا فشار دەخەنە سەر کوردی سوریاو عێراق بۆ شکستهێنان بە پرۆژەی کوردی. دواتریش فشارەکان بۆ سەر عێراقیش زیاد دەکەن، چونکە عێراق و ئێران بە تەنها ماونەتەوە."
وتیشی"ئیسلامییە توندڕەوەکان مەترسی گەورەن لەسەر شیعە، چونکە هاندەری سونەی عێراق دەبن بۆ دابەشکردنی عێراق. هاتنە سەر دەسەڵاتی توندڕەوەکان لەسوریا وادەکات ئەو وڵاتە ببێتە هەناردەکاری تیرۆر."
هەرچەندە هێزی نیشتمانی سوریا کە بە هێزێکی نزیک لە تورکیا هەژمار دەکرێت شەڕیان لە دژی هەسەدە ڕاگەیاندوە، بەڵام هێشتا دەستەی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع بە فەرمی نەبوەتە بەشێک لەو شەڕە.
ساڵح موسلم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات ( پەیەدە)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"توندڕەوەکان لایەنگیری تورکیان و ئەجێندای تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە جێبەجێ دەکەن، بۆیە ئێستا هێرشمان دەکەنە سەر."
وتیشی"ئێمە پرۆژەمان بۆ سوریای داهاتو هەیە، دەمانەوێت پێکەوەو بە برایەتی بژین."
سەبارەت بە هەبونی مەترسی لە سەر کوردستانی عێراق لە قۆناغەکانی داهاتودا، ساڵەح موسلیم وتی،"دۆسیەی کورد یەک پاکێجەو مەترسی هەیە، هەروەک چۆن توندڕەوەکان گرێدراوی یەکترین."
هێشتا ئاڵۆزییەکانی سوریا کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی عێراق نەبوە، بەڵام هێزە عێراقییەکان ناوچە سنورییەکانی نێوان هەردو وڵاتیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵکردوە، ئەمەش لە پێناو ڕێگرتن لە پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ عێراق.
ڕوبەری سنوری عێراق لەگەڵ سوریا زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هێزە عێراقییەکان بە شێکی زۆر لەو ڕوبەرە سنورییەیان بە دیواری کۆنکرێتی و تەلبەندکردن و خەندەقی پان و قوڵ و کامیرای گەرمی بینین کۆنترۆڵکردوە، ئەمە جگە لە بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆری سوپاو حەشدو پاسەوانی سنور.
سەعد مەتڵەبی پێیوایە ئامانجی داهاتوی وڵاتانی ڕۆژاوا لە قۆناغی داهاتودا عێراق و ئێرانە، چونکە بەقسەی ئەو تەنیا عێراق و ئێران ماونەتەوە کە لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوادا نین.
مەتڵەبی وتی،"هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ دابەشکردنی عێراق و سوریا بۆ دەوڵەتی بچوک بچوک، تا مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل نەهێڵرێت. هەرچەندە سونەکانی عێراق وانەیان لە ڕوداوەکانی ڕابردو وەرگرتوە."
بەشێک لە هێزە شیعەکان هاوڕای ئێران بون بۆ پاڵپشتی کردنی ڕژێمی سوریا، بەڵام بەشێکی تری هێز و کەسایەتییە شیعەکانی عێراق دژی دەستوەردان بون لە دۆخی سوریاو پاڵپشتی بێ لایەن بونی عێراقیان دەکرد لەو شەڕەدا.
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ڕەتیدەکاتەوە هێزە شیعەکانی عێراق ناکۆک و ناتەبا بن لەسەر ڕوداوەکانی سوریا، بەڵام دان بەوەشدا دەنێن ڕا جیایی هەبوە لەسەر پاڵپشتیکردنی ئەسەد، جەختیش دەکاتەوە ئەسەد سوریای بەجێهێشت و ئێستا گرنگ دورخستنەوەی مەترسییە لەسەر عێراق.
بەشداریکردنی عێراق و تێوەگلانی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و هێزە نزیکەکان لە ئێران ئەو دۆسیەیە بو، بەردەوام مایەی ناکۆکی بو لە نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران.
سەعد مەتڵەبی وتی،"ناکۆکی لە نێوان حکومەت و هێزە شیعەکان نییە، چونکە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەلایەن حیزبەکانەوە پێکهێنراوە. هەرچەندە هەڵوێستی سەرۆکوەزیران نازانم، بەڵام وا دیارە دەیەوێت عێراق لە کێشەکان دور بخاتەوەو ئەمەش کارێکی باشە."