وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، لە ناوچەی منبج، پێنج ئۆتۆمبێلی میلیشیاكانی سوپای توركیا كە دەیان چەكداریان تێدابوە، لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێندراونەتەوەو هەروەها درۆنێكی سوپای توركیاش لە تەلتەمر خراوەتە خوارەوە.
ئاوێنە: فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، شەڕڤانان پێنج ئۆتۆمبێلی میلیشیاكانی سەر بە توركیایان تەقاندونەتەوە كە دەیان چەكدارییان تێدابوەو ویستویانە دزە بكەنە نێو گوندەكانی نزیك لە بەنداوی تشرین لە منبج و لەو چالاكییەدا دەیان چەكدار كوژراون و بەشێكی دیكەیان هەڵاتون.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هاوكات لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق لە سنوری منبج، گروپێكی میلیشیاكان كەوتونەتە بۆسەی شەڕڤانانەوە كە بەشێكی زۆریان كوژراون و ژمارەیەكی دیكەشیان برینداربون.
فەرهاد شامی، وتەبێژی هەسەدە لە راگەیەندراوێكی دیكەدا وتویەتی، ئەمڕۆ درۆنێكی توركیا لە جۆری "عەنقا" لەلایەن شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازیی تەلتەمرەوە خراوە خوارەوە كاتێك بە ئاسمانی ناوچەكەدا فڕیوە.