پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەبارەی قسەكانی چاودێری دارایی فیدراڵ كە گوایە لەسەدا 80ی كارەكانی تەوتینی موچەی هەرێم تەواو بوە رایگەیاند، ئەوە مەبەست لێی "هەژماری من"ە، نەك "تەوتینی راستەقینە". جەختیش دەكاتەوە، ئێمە سورین لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینەوە.
ئاوێنە: كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"قسەکانی چاودێری دارایی فیدرال کە گوایە (80%)ی کارەکانی «تەوتین»ی موچەی هەرێم تەواوبوە لە میدیاکانی کوردستان بەهەڵە لێکدرایەوە، ئەوان مەبەستیان «هەژماری من»ە نەک «تەوتین»ی راستەقینە! چونکە هێشتا نە حکومەتی فیدرال بڕیاری یەکجارەکی داوەو نە حکومەتی هەرێمیش دەستبەرداری ڕکی خۆی بوە لەبارەی «هەژماری من» نە هیچ لقێکی بانکە فیدرالییەکان لە شارەکانی هەرێم کراونەتەوە، ئیتر بۆ وا بەپەلە تێیئەکەون و وا خەڵک تێدەگەیەنن ئەوە مەبەستی تەوتنی فیدرالییە."
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی جەختیشی كردۆتەوە "ئێمە سورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدرالی لەبارەی تەوتینەوە، بەدەستی 150 ئیمزای پەرلەمانتارانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانمان رادەستی بەڕێز سودانی کرد، ئەویش بە نوسراو ناردویەتی بۆ وەزارەتی دارایی فیدرال و بانکی ناوەندی."
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی رونیكردۆتەوە كە "پارێزگاری بانکی ناوەندی و هەندێ لە بەرێوەبەری بانکە فیدرالییەکان لەجیاتی بڕیاری دادگای فیدرالی لەبارەی تەوتین پشت بە رونکردنەوەکەی دادگا دەبەستن کە گوایە رێگە ئەدات بەو بانکانەی تۆمارکراون و مۆڵەتپێیدراون لە بانکی ناوەندی تەوتین بکەن. لەکاتێکدا بڕیاری دادگاکە هێزی دەستوری و یاسایی زۆرترە تا رونکردنەوەکەی."
كاروان یاروەیس پێی وایە "چارەسەر نەکردنی کێشەی رادەست نەکردنی داهاتی نانەوتی و تەوتین، وا دەکەن کێشەی موچە لەمە قوڵتر بێتەوە، رەنگە تا ڕادەی راوەستاندنی تەمویلی موچەش بڕوات."
وتوشیەتی"فەرمون بەپارەی داهاتی نانەوتی و نەوتی فرۆشراو کورتهێنانی ئەم سێ مانگە پڕ بکەنەوەو لەوە زیاتر خەڵک ئەزێت مەدەن."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "ئەبێ حکومەتی فیدرال بڕیاری راشکاو و رونی خۆی بدات لەبارەی تەوتینەوە، لەجیاتی کاتکوشتن و خاوەخاوە تا ئەوەی «هەژماری من» ببێ بە ئەمری واقیع."
كاروان یاروەیس ئەوەشی خستۆتەڕو"لەبارەی موچە و چارەسەرکردنی کێشەکانی، ئەرکی ئێمە چاودێری و یاسادانان و فشار کردن بوەو لەمڕوەوە بێدرێغی کۆششمان کردوە، بەرپرسیاری یەکەم حکومەتی هەرێم و فیدرالین نەک پەرلەمان."