کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوو خوشک لە شاری میاندواو لە سنوری شاری ورمێ کوژران، دەشڵێن، ئەو دوو ژنە لەلایەن كەسێكی خۆیانەوە كوژراون.
ئاوێنه: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە کوشتنی دوو ژنی کورد بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو، دوو خوشک بە ناوەکانی موحەدیسە جەدید تەمەن ١٩ ساڵ و حەدیسە جەدید تەمەن ١٧ ساڵ لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری میاندواوی سەر بە شاری ورمێ لە لایەن هاوژینی موحەدیسە کوژران.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە لایەن هاوژینی موحەدیسە بە چەقۆ هێرش کراوەتە سەریان و بە هۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لە دەستدا.
دەشڵێن، ناکۆکی خێزانی و داوای جیابوونەوە بووەتە هۆی کوشتنی ئەو دوو خوشکە.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی یەک ساڵدا ١٨ ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان کوژراون.