دیوانی چاودێری عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بانکە متمانەپێکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق ٨٠٪ی تێپەڕاندووە.
ئاوێنە: لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران میوانداری عەمار خەڵەف، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی یەکەم هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەکە جەختیکردەوە لەوەی دەیانەوێت یاساکە بە جۆرێک هەمواربکرێتەوە کە توانای جێبەجێکردنی هەبێت و بەوەش کۆتایی بە ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت بهێنرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە تەواوکردنی کارەکانی لیژنەکە سەبارەت بەم هەموارکردنە پەیوەستە بە ئامادەبوونی وەزارەتی دارایی بۆ ڕوونکردنەوەی بنەمای یاسایی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە هەرێمدا کاردەکەن.
لای خۆیەوە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی خشتەی شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی خستەڕوو و ئاماژەشیدا بەو تێبینییانەی لەسەر ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بە حکومەتی فیدراڵی هەن.
سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی جەختیکردەوە کە پێویستە هەموارکردنەکە میکانیزمی ڕوون بۆ پاکتاوکردنی پێشینە داراییەکان لەخۆبگرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ بۆ ئەوەی پارەکان کەڵەکەنەبن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ستافی دیوانی چاودێری دارایی ڕێکارەکانی بەبەناکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، ڕێژەی بەبانکیکردنی مووچە (تەوتین) لە بانکە باوەڕپێکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق ٨٠%ی تێپەڕاندووە و کۆتایی ئەمساڵیش دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی بایۆمەتری بۆ ئەوەی کێشەی دوومووچەیی چارەسەربکرێت.