سەڵاحەدین بەهادین: به‌هۆی بێ موچه‌ییەوە‌ ڕه‌نگه‌ ته‌قینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ هه‌رێم ڕوبدات
  2024-12-08       755       

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، بەهۆی بێ موچەییەوە رەنگە تەقینەوەی جەماوەری لە هەرێم روبدات و دەشڵێت، نەدانی موچە خەتای كێیە، ئەوە قسەی سواوەو موچەخۆر گوێ لەو پاساوانە ناگرێت.

ئاوێنە: سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە میانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمێكدا كە لەلایەن مەڵبەندی دوی هەولێری حزبەكە سازكرابو، وتەیەكی پێشكەشكردو وتی"بەداخەوە ئەمڕۆ بۆ زیاتر لە 60 ڕۆژ دەچێ موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆران نەدراوە و گیرفانی فەرمانبەرو مامۆستا خاڵییە."

وتیشی"لەوە ناخۆشتر بێباكی دەسەڵاتە كە شەرم لە بێباكی خۆی ناكات، بۆیە ڕو دەكەمە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرو جێگرەكەی و وەزیری دارایی و هەمو حكومەتەكەی، كە ئەم بێباكی و بێ منەتییە هەڵەیەكی ئەخلاقییە، هەڵەیەكە لە دین و ژیان و دیموكراسیدا جێی نابێتەوە، ته‌نانه‌ت قه‌رزیشتان كردبێت موچه‌ دابه‌ش بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌م بێ موچه‌ییەوە‌ ڕه‌نگه‌ ته‌قینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕوبدات."

ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی وتیشی"نەدانی موچە خەتای كێیە قسەی سواوە و ئیشی موچەخۆر نییە گوێ لەو پاساوانە بگرێت، ئیشی ئەو پێدانی حەقەكەیەتی، كە نایدەیتێ و بۆی پەیدا ناكەی ، ئەم بێ دەنگی و خۆماتكردنە هەڵەیە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەڵاحەدین بەهادین وتی"داڕوخانی ڕژێمی ڕێوی سیفەتی بەناو ئەسەد، بە چەند ڕۆژێك داڕوخا، ڕژێمێك كە لەسەر هاوكێشەی نێودەوڵەتی وەستابێ لەسەر پێی خۆی نەبێت و لەسەر ئەجندای بیانی وەستابێ، ئاوها دادەڕوخێ، بۆیە ئەمە دەبێتە دەرسێكی تر بۆ هەمو لایەكمان، بۆ هەمو هێزە سیاسییەكان و دەسەڵات و ڕژێمەكان، كە ئەگەر لەگەڵ میللەتی خۆیان ئاشتی بكەن و لە لێپرسینەوەی میللەتی خۆیان نەترسن، بەڵكو لە چارەنوسی بێباكی و ستەمكاری بترسن، له دنیا ئەوە دەیبینین و قیامەتیش مەعلومە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×