عیرفان عەلی، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی پەیامێکی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی)، فەرماندەی تەحریری شام کرد و تییدا هاتووە: “برای بەڕێزم فەرماندە ئەحمەد شەرع، فەرماندەی ڕاپەڕینی گەلی سووریای دراوسێ و خۆشەویست و هاوڕێیانتان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان، پێش خەڵکی سووریای شۆڕشگێڕ، دڵی سەرجەم موسوڵمانان و خەباتگێڕانی جیهانتان خۆشکرد بەو ڕاپەڕینە مەزنە، خوای گەورەو میهرەبان پشتیوانتان بێت و ماوەی ڕاگوزەری بە باشیی تێپەڕێنن، ئەوەی کە گرنگە جیهان ئێستا چاوی لەسەر ئێوەی ئازیزە چۆن ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنن.
ئاوێنه: عیرفان عەلی داوای لە فەرماندەی تەحریی شام کردووە، سیستەمێکی مەدەنی لە سووریادا دابمەزرێنن، کە ببێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ حوکمرانییەكی ڕەشید کە تەواوی هاووڵاتیانی سووریا لێی بەهرەمەندبن و ببێتە شانازی بۆ سەدان ملیۆن مسوڵمان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە گرنگە تێگەیشتن لەو پەیوەندییە ئاڵۆزە نێودەوڵەتیانە و بە هۆشیاری مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەكان كە دوور بێت لە عاتیفە، داواشی لێ کردووە گرنگی تەنها بە سووریا بدەن و خۆتێوەنەگلان لە کێشەی گەلانیتر، چونكە هەر گەلە و تایبەتمەندی خۆی هەیە.
ڕابەری گشتی بزووتنەی ئیسلامی ئامۆژگاری فەرماندەی تەحریری شام دەکات ئەو فیقهە سیاسییە كۆنە تێبپەڕینن كە لەگەڵ ئەم واقیعەی مسوڵمانان ناگونجێت و بەرهەمهێنانی فیقهی سیاسی نوێ بۆ ئەم واقیعە.