سوهرەوەردی 1153- 1191 - ڕۆناكییەكی هەمییشەی
  2024-12-05       502       

نەجات نوری

 

زیاتر لە ساڵێكە بۆ نووسینی ڕۆمانێكم بە ناوی (كفنی سوور) لەسەر باوەڕ و ژیانی سوهرەوەردی، هەڵوەدای ژیانی ئەم سۆفی و بیرمەندەگەورەیەبووم بە ناوی شەهابەدینی سوهرەوەردی، كە بە فەرمانی سەلاحەدینی ئەیووبی لە تەمەنی 38 ساڵی دا و لە ساڵی 1191 لە شاری حەڵەب شەهید دەكرێت، هەرچی كرابێت و بكرێت ناتوانرێت ئەو تاوانەگەورەیە لە گەردنی سوڵتان سەلاحەدینی ئەیووبی دابماڵدرێت و بە تاوان ئەژمارنەكرێت دژی ئینسانێكی بە باوەڕەی وەكو سوهرەوەردی، دژی ئەو بیرمەندەی كە زیاتر لە 74 كتێب و نامە و نووسراوی جۆر بە جۆری نووسی بوو بۆ بابەتە فەلسەفی و ئاین و زانستەكان، ئەوەی سەلاحەدین كردی دژی سوهرەوەردی تاوانێكە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، تاوانێكە دەرهەق بە گیانی ئەم فەیلەسوفە مەزنە نەكراوە، بەڵكو تاوانێكە دژی باوەڕە پێشكەتووخوازەكانی ئەو سەردەمەكراوە و كوشتنی دەنگی ئەو پیاوە مەزنانەبووە كە ویستوویانە بە ڕوناكی باوەڕ و ئەخلاقی خۆیان تاریكستانی ناو ڕۆحی دەیان كەسی نەزان و سوڵتانەكان بڕەوێننەوە.

ئەوەی چاوێك بگێڕێتەوە بە نامەكان و كتێبی حیكمەتی ئیشراقی سوهرەوەردی و كتێبەكانی تری و ئەو نوسینانەی دەربارەی سوهرەوەردی گەورەنووسەران و بیرمەندانی جیهان نووسیویانە تێدەگات كە سوهرەوەردی بە ڕۆحێكی سۆفیانەی مەزنەوە بە تەمەنێكی هێجگار كەمەوە چ بیرمەندێكی ناو ڕۆژگارە تاریكەكەی خۆی بووە، كاتێكیش كە سەلاحەدینی ئەیووبی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سوڵتان نشینەكەی خۆی و كوڕەكانی دێت بەرەنگاری پێشەوایانی نووسین و هەڵگرانی بیری پێشكەوتووخوازانە دەكات، كە هیچ كاتێك دڵی بە بوونی بیرمەندان و فەیلەسوفان و كتێبەكانیان خۆشنەبووە و درێغی نەكردووە لە كوشتن و ڕاوەدوونان و زیندانی كردنیان، بۆ ئەوەی دەرگای تاریكی لەسەر خۆی و دۆستەكانی بە بوونی وشە ڕوناكەكانی سوهرەوەردی و كەسانی وەكو ئەو نەكرێتەوە بە شەهیدكردنی سوهرەوەوردی ڕێگا لەو بیرمەندە مەزنانە دەگرێت.

بە خوێندنەوەی نووسینەكانی سوهرەوەردی تێدەگەین كە ئەم سۆفی و بیرمەندە كوردە بە تەمەنێكی كەمەوە چەند لێهاتووانە هاتۆتە مەیدانی فیكر و فەلسەفە و نووسینەوە و بە ڕێگا و بە هێنانەكایەی قۆناغێكی نوێ و مەزهەبێكی پێشكەوتووخوازانەوە كە هەر خۆی داهێنەرێتی لە ژێر باوەڕی ڕوناكی ڕوناكیەكان دا دەست دەبات بۆ بە ئاگاهاتنەوە و ئاشنابوونی مرۆڤ لە دەرەوەی ئاین و باوەڕە جیاجیاكانی سەردەمەكەی خۆی، بە نووسینی كتێبەكانی ڕێگایەكی ڕوناك بۆ هێنانەكایەی قۆناغێكی نوێ دەخاتە بەردەم مرۆڤایەتی، لە دەرەوەی باوەڕە چەقبەستۆكانی ڕۆژگارەكەی خۆی بە وروژاندنی دەیان پرسیار و نووسینی نامە و كتێب دەیان یار و نەیار بۆخۆی پەیدادەكات و دواجار هەژموونی نەیارە نەزان و دواكەوتۆكانی وادەكەن كە ڕۆحی بە شەهیدبوون بسپێرێت، ئەو خۆی ڕایدەگەیەنێت كە: هەر هەستێك لە هەستەكان چێژ و ئازاری خۆی هەیە، ئاوا لە قووڵایی هەموو هەستەكانیەوە كە بۆ ئەو هیچ چێژێكی تێدانەبووە جگە لە ئازار پەنا بۆ خۆناسین و هەڵماڵینی باوەڕ و قسەكانی خۆی دەبات و هیچ ترسیشی لە دركاندنی ڕاستیەكان نیە خۆ ئەگەر مەرگیشی لە دوابێت، چونكە خودی سوهرەوەردی زۆرباش لە هێزی ژەهرەكەی سوكرات و لە ئازاری سووتاندنی لاشەكەی حەلاج ئاگاداربووە و زانیوویەتی كە وتنی هەق و باسكردن لە ڕاستیەكان خاوەنەكانیان بە كوێ دەگەیەنێت و هیچ كاتێك نەیویستووە لە پێناو ژیانێكی كۆیلانەدا پشت بكاتە باوەڕ و نووسینەكانی، بە دیاری كراوەی ئەو خۆی لە شوێنێكی تری كتێبی حیكمەتی ئیشراق دا دەنووسێت: ئەوەی زۆرترین خەمی ئاخیرەتی نەبووبێ و زۆرترین بیركردنەوەی لە جیهانی نوورنەبێ، ڕزگاری نابێ... ئەم وەڵامە بۆ زۆركەسە، بۆ ئەوانەیە كە لەم جیهانە مادیە شەهوەتاویەدا هەمیشە خەمی ژیانی خۆیان بووە و دابڕاون لە زانست و فێربوون و گەیشتن بە پاكێتی وەكو گیانێكی پڕ لە زانین و ڕوناكی، ڕوناكی بۆ سوهرەوەردی ئەخلاق و گەیشتنە بە هەق و ڕاستی و پاكبوونەوە، ئاوا ڕێگای ڕزگاری پیشانی یار و نەیاری دەدات و ڕێگای هەق و سۆفیگەریان پێ پیشان دەدات كە مرۆڤ بەرەو ڕزگاری دەبات لە هەردوو دونیاكەیدا، لە كۆتا دێڕەكانی (كتێبی حیكمەتی ئیشراق) دا ببیین لەسەر باوەڕبوون بە ڕێگا و ڕۆحی سۆفیگەری چی دەنووسێت: تەنیا بيدەنە دەست ئەوەی ئەهلی ئەو كتێبەیە، كە لە ڕێگەی مەشاییەكان شارەزایە و نووری خودای خۆش دەوێ، پێش خوێندنەوەی ئەو كتێبە، چل ڕۆژ ڕابمێنێ، واز لە گۆشت خواردنی ئاژەڵان بێنێ، خواردن كەم بكاتەوە و خۆی بۆ ڕامانكردن لە نووری خودای بە شكۆ و فەرمایشتەكانی قایمی ئەو كتێبە تەرخان بكا... بۆ سوهرەوەردی مرۆڤی عەقڵانی ئەو مرۆڤانەن كە لە بوونی ڕوناكی تێدەگەن و هەمیشە خۆیان بۆ ڕامان و بیركردنەوە لە خۆیان و دەوورووبەریان تەرخانكردووە و بایەخ بە كتێب دەدەن چونكە خودا لە كتێبەكانی خۆیدا پێغەمبەرەكانی ئاگاداركردۆتەوە بۆ زانین و گەیشتن بە هەق، بۆ سوهرەوەردی بایەخی هەموو كتێبێكی باش و گرنگ نزیكە لە كتێبە پیرۆزەكانی خوداوە بۆیە گرنگە هەموو كەسێكی دۆستی كتێب، كتێبەكان باش باش بپارێزێت تا خەڵكانی تر بە ڕوناكی وشەكانی ناویان خۆیان پاكبكەنەوە، ئەو مرۆڤانەی لە بەرگی سۆفیایەتیدا كەم دەخۆن و كەم دەخەون و گۆشت ناخۆن ڕێبواری ڕێگەی ئەو ڕووناكیەن كە دەیانگەیەنێت بە نزیكی هەق. بانگەوزای سوهرەوەردیش لە كۆتایی كتێبی حیكمەتی ئیشراق دا بۆ گۆشت نەخواردن لە لایەن مرۆڤەوە، بانگەوازی بیرمەندێكە لە ڕۆژگاری خۆیدا نەك بیری لە چاكە و، وشیاری بۆ گەیشتن بە هەق و دادپەروەری لەلایەن مرۆڤە كردۆتەوە بەڵكو هاتووە دەست دەبات بۆ ئەو بانگەوازەگرنگەیش كە دەبێت مرۆڤی عەقڵانی هەمیشە دۆستی ئاژەڵ و پەلەوەریش بێت و لە قڕكردن و خواردنیان خۆی داببڕێت و ببێتە دۆست و پارێزەریان.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×