هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسه‌ره‌تا ده‌ستیپێكرد
  2024-12-03       252       

لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلی‌ بێسه‌ره‌تای‌ قه‌ده‌غه‌ كرد و ڕایدەگەیەنێت: ده‌توانن ئۆتۆمبێله‌كان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دەستیپێکرد و لە چەندین شوێنیش بازگەی کاتی بۆ ئەو مەبەستە دانراوە.

هاوکات ڕێگە بە هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان نادرێت بە بەزۆری خۆیان لە ئۆتۆمبێلی مەلیکە و شاهینە و چەند جۆرێکی دیکەدا دەبیننەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ لیژنه‌ی باڵای ئه‌منیی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ئۆتۆمبێلـی بێسه‌ره‌تا و هه‌ڵگری ژماره‌ی ساخته‌ و جامڕه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌ك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاره‌كه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر ناووناوبانگی هه‌رێمی كوردستان و شاری سلێمانی دروست ده‌كات، هاوكات له‌ ڕووی ئه‌منی و یاسایی و تاوانكارییه‌وه‌ كاریگه‌ری خراپ و لێكه‌وته‌ی مه‌ترسیداری هه‌یه‌.

وتیشی: ڕێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره‌ سوارڕه‌وێك كه‌ هه‌ڵگری تابلۆی ساخته‌ و نایاسایی بێت. ڕاشیگه‌یاندووه‌: بۆ خاوه‌نه‌كانیان هه‌یه‌ كه‌ بیبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

دووپاتیشی کردەوە، هیچ ڕێگه‌پێدان و نووسراوێك له‌ هه‌ر لایه‌نێك جگه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی و یاسایی كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆوه‌ ده‌ركراوه‌، كاریان پێ ناكرێت و ئه‌م ئاگادارییه‌ له‌ ڕۆژی بڵاوكردنه‌وه‌یدا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×