دوواین زانیاری دەربارەی هەناردەکردنی نەوت و ناردنی مووچە بڵاوکرایەوە
  2024-12-03       370       

 لێژنەی دارایی دوایین پەرەسەندنەکانی هەمواری بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو و جەخت دەکاتەوە، کۆبوونەوەی ئەرێنی و باش لەنێوان لێژنەی دارایی و نەوت و وەزارەتی نەوتدا کرا، دەشڵێت: نەوت هەناردە بکرێتەوە، ناردنی مووچە و بودجەی کوردستان باشتر دەبێ.

ئاوێنە: خەلیل دۆسکی، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، چاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٥دەکەین، کە بڕگەیەکی تایبەتە بە تێچووی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی دەنگ لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردن و هەناردنی نەوتی کوردستان دەست پێبکاتەوە، کارەکە زەحمەتیی هەیە، بەڵام دەکرێت و تێدەپەڕێ.

بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی هەولێر و بەغدا، کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی ١٦ دۆلار زیاد دەکرێت، بەڵام دواتر کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت دەکات و ماوەی ٦٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە ئەو بڕە ڕاستەقینەیە دیاری بکات.

وتیشی: ئەو ١٦ دۆلارە بەشێوەیەکی کاتی دەبێت، کاتێک هەفتەی ڕابردوو لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە کرا، ڕەزامەندیی زۆر لەسەر ئەو بڕگەیەی هەموارەکە نەبوو، کە باس لە تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت دەکات و بەشێکی پەرلەمانتارانیش سەرنج و تێبینییان لەسەری هەبوو.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات هەناردەکرنەوەی نەوت بۆ مووچە و بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگە، وتیشی: نەوت هەناردە بکرێتەوە، مووچه و بودجەی کوردستان باشتر دەنێردرێت و دەکرێت کێشەکان کەمتر ببنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×