سەعدی پیرە: پێم وایە دوای کۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، یەکێتی و پارتی كۆدەبنەوە
  2024-11-28       163       

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، یەکێتی سەردانی لایەنەکان دەکات تا هەڵوێستیان بزانێت و زانیاری لە دەمی خۆیانەوە وەربگرێت بەر لە کۆبونەوە لەگەڵ پارتی. دەشڵێت، پێم وایە دوای دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، یەکێتی و پارتی بەیەکەوە کۆدەبنەوە.

ئاوێنە: سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبارەی كۆبونەوەكانی وەفدی دانوستانكاری حزبەكەی لەگەڵ لایەنەكان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم کۆبونەوانەی یەکێتی دو ئامانجیان هەیە، یەکەم گرنگە بۆ یەکێتی پێش ئەوەی بچێتە لای پارتی زانیاری دەستی یەکیان لە خۆیانەوە هەبێت و هەڵوێستیان بزانێت، بۆ بچین لەگەڵ پارتی دانیشین و زانیارییەکان لە دەستی دو و سێ وەربگرین."

وتیشی،"دوای کۆبونەوەی پەرلەمان پێم وایە کۆبونەوەی نێوان یەکێتی و پارتیش ئەنجام دەدرێت."

دوێنێ چوارشەممە، وەفدی یەکێتی لە هەولێر لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری كۆبوەوەو ئەمڕۆش لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە. هەروەها وەفدی پارتیش دوێنێ لە سلێمانی لەگەڵ نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان بەجیا کۆبۆوە.

سەعدی پیرە وتوشیەتی"یەکێتی دەرگای بۆ سیناریۆ جیاجیاکان کراوەیە بەشێوەیەک حکومەتی هەرێمی کارامان هەبێت وا باشترە تەنانەت داوای لێبوردن لە خەڵکیش بکات و بڵێ لە ڕابردودا هەڵە کراوە لە پرسی موچە و ئەمن و تێوەگلانی هەرێم لە شەڕی ئەملاو لا."

ئەوەشی خستۆتەڕو"یەکێتی وتویەتی ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی حوکمڕانی و تاکڕەوی و ئەو بێ متمانەییەی کە لە ئامانجی ئەو تاکڕەوییە دروست بوە، ئەوە چارەسەر بکرێت، ئەگەر لایەنێك پێی وایە حکومەتەکەی بێ غەل و غەش و کەموکوڕی بوە مانای وایە گفتوگۆکان دوردەخاتەوە لە یەکتری."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×