نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى ئه‌و كارگه‌یه‌ى له‌نزیك ده‌ربه‌ندیخان ماده‌ى هۆشبه‌رى به‌رهه‌مده‌هێنا ئاشكرا دەکرێت
  2024-11-28       216       

ئه‌مڕۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندیی لەسەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی (بەغدا ـ ڕەسافە) ئاشكرایكرد، لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەسەره‌تای ئەمساڵەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم ئه‌نجامدراون، دەستیان بەسەر زیاتر لەتۆنێک مادەی هۆشبەردا گرتوە، ده‌شڵێت:"75 تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوە کە شەش کەسیان بیانین‌و 20 تاوانباریش سزای تاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە".

ئاوێنە: وەلید ئیبراهیم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی کە بەرپرسە لە لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانی مادە هۆشبەرەکان لەڕەسافە، بەڕۆژنامەی دادگای ڕاگەیاندوە، "دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی دەستى بەسەر سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەردا گرتوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو مادە هۆشبەرانەش لەماوەی کانونی دوەم تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم بوە".

به‌وته‌ى دادوه‌ره‌كه‌، "75 تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوە، کە شەش کەسیان بیانین، هەروەها 20 تاوانباریش سزای تاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، بەهاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوەزارەتی ناوخۆ، دەستگیراوه‌ بەسەر یەک تۆن مادەی هۆشبەردا كه‌ بریتی بوە لە 229 کیلۆو 120 گرام لەجۆری کریستاڵ، 843 کیلۆو 264 گرام کاپتاگۆن‌و زیاتر لە51 یەک کیلۆ حەشیش‌و 100 گرام مادەی کارتێکەرە دەرونیەکان".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "شەش کەس دەستگیرکراون‌و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە بازرگانێکی مادە هۆشبەرەکان‌و قاچاخچیەک ڕێککەوتون، 30 کیلۆ مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ، لەسلێمانییەوە بگوازنەوە بۆ بەسرە".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا وتویه‌تى، "تیمێکی ئەمنی ئەرکی دەستگیرکردنی بازرگانێکی لەدایکبوی ساڵی 2002یان پێسپێردرا کە نزیکەی 57 کیلۆگرام‌و 230 گرام حەبی کاپتاگۆنی مادەی هۆشبەری پێبوە، ئەویش دوای ئەوەی بۆسەی بۆ دانرابووەوە دەستگیرکرا".

زانیاریى زیاترى ڕاگه‌یاندوه‌ سه‌باره‌ت به‌و كارگه‌یه‌ى له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى‌و به‌دیاریكراوى نزیكى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان بوه‌، ئه‌و ده‌ڵێت:"لەهەڵمەتێکدا، دەستمان بەسەر 151 هەزارو 711 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گرت، ئەمەش دوای ئەوەی زانیاریمان لەسەر بونی کارگەیەکی مادەی هۆشبەر لەسلێمانی بۆ دروستکردنی حەپی کاپتاگۆن‌و مادەی هۆشبەری کریستاڵ بەدەستگەیشت، کە لەباشوری دەریاچەی دەربەندیخان دامەزرابوو، ئەو شوێنە، بەڕواڵەت کارگەیەکی تایەی ئۆتۆمبێل بوە، بەڵام لەناو کارگەکەدا حەبی کاپتاگۆن‌و مادەی هۆشبەری کریستاڵ بەرهەمدەهێنرا، لەگەڵ تانکییەک کە توانای هەڵگرتنی چوار هەزار لیتر ئەمفیتامینی بوە، کە مادەی سەرەکی دروستکردنی کاپتاگۆنە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×