هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پرۆژە یاسای بوودجە دەکرێت
  2024-11-26       172       
یەکەم دانیشتن بە سەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی لە پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموواری پرۆژەی یاسای بوودجە دەکرێت، بەمەش ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبووژێتەوە.

ئاوێنە: شوان کەلاری، ئەندامی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند "بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، هەر دەقێک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە کە دێت، هیچ گفتوگۆ ناکرێت، دەقەکە وەکو خۆی دەخوێندرێتەوە تاوەکو ئەگەر هەڵەی ڕێنووسیش هەبێت، دواتر دەدرێتە لیژنەی تایبەت بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی، دواتر دەدرێتە لێژنەی یاسایی".

ناوبراو رونیشیکردەوە "سەرۆکی پەرلەمان کە باسی ئەوەی کرد دەست بە بڕگەی چوارەم دەکەن، یەک دوو دەنگ هەبوون و قسەشیان کرد، ڕەخنەیان هەبوو، ئەوان نیگەران بوون لە بودجەی گشتی و دەیانوت کە نابێت بەهەدەر بدرێت و هاوسەنگیی ڕابگیرێت، لەگەڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوان ڕاستیەکە نازانن کە جوگرافیای کوردستان وایە و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت زیاترە و ڕێگەی گواستنەوەشی دوورە، ئێستا خوێندنەوەی دووەم دەکرێت لەگەڵ دەنگدان".

شوان کەلاری ئاماژەی بەوەشدا، تا ٩ـی کانوونی یەکەم دەتوانن دەوام بکەن، لە 9ـی کانوونی یەکەم تا ٩ـی کانوونی دووەم پشووی پەرلەمانە، وتیشی "سەرۆکایەتی پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە مانگێک ببات و بمانخاتەوە دەوام و مانگەکە هەموومانیان خستووەتەوە دەوام لە ٩ـی تشرینی دووەم بۆ ٩ـی کانوونی یەکەم کە ئەوکاتە دەکەوینە پشووی پەرلەمان، بۆیە چاوەڕێ دەکەین تا ٩ـی کانوونی یەکەم خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر هەمووارەکە بکرێت، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بکرێت".

بەوتەی ئەندام پەرلەمانەکەی عێراق "لە پەرلەمانی عێراق هەمیشە دەنگی نەشاز و دەنگی موزایەدە و کۆکردنەوەی دەنگی پەرلەمان هەیە، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکە، ئەو دەنگانە بوونیان هەیە، بۆیە ئەو پرسە دەقۆزرێتەوە، بەڵام دوای وەستانی هەناردەکردنی یەک ساڵ و هەشت مانگی نەوتی هەرێم کە زیانێکی گەورەی لە بودجەی گشتی عێراق داوە".

زیاتری رونکردەوە "لەگەڵ ئەوەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، پرۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانیش دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە ئەو فراکسیۆنانەی کە هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن، دەمانەوێت گرفتەکە نەمێنێت و نامانەوێت بودجەی عێراق لەوە زیاتر زیانی بەر بکەوێت کە ٢٠ ملیار دۆلار لەماوەی نزیکەی دوو ساڵدا، پارەیەکی زۆر زۆرە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو دەنگە نەشازانە ناتوانن رێگریی لە هەمووارکردنەوەکە بکەن و گرفتەکە نامێنێت".

شوان کەلاری باسی لەوەشکرد "پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی دەبێت لەسەر چارەسەربوونی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، چونکە پارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە سندوقێک و سەرۆکی حکومەتیش مافی کارپێکردنی هەیە، بۆیە کاریگەریی نەوەک هەر لەسەر مووچە، بەڵکو لەسەر تەواوی شایستە داراییەکان و بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت".

ئەوەشی خستە روو، ئەوان تێڕوانینیان خراپ بووە لە پێشوو دەربارەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هۆکار بوون بۆ وەستاندنی، ناکرێ لەپێناو دەستکارییکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کە چەند دۆلارێکە، زیانی 20 ملیار دۆلار لە عێراق بدەن، هەمووارەکە دەبێتە بوژانەوەیەکی باشی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦-١١-٢٠٢٤، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموواری بودجە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤و ٢٠٢٥کرد.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×