پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو بەهۆی بارانبارینەوە بەشێک لە قەدپاڵی ئەو چیایەی دەکەوێتە بەردەم تونێلی دەربەندیخان داڕما، ئەمڕۆ قائیمقامی شارۆچكەكە ڕایگەیاند، ئەگەری دووبارەبوونەوەی داڕوخانی ئەو چیا هەیە.ئاوێنە: سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان سەبارەت بە داڕووخانی قەدپاڵی ئەو چیایەی دەکەوێتە بەردەم تونێلی دەربەندیخان، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی گرتەوە، بەشێک لە قەدپاڵی ئەو چیایەی دەکەوێتە بەردەم تونێلی دەربەندیخان بە دیوی شارۆچكەكە داڕما و بەهۆیەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک تونێلەکە داخرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، داڕمانەکە دوو جار ڕوویدا، جاری یەکەم بەشێکی ڕێگاکەی داخست و جاری دووەم بە تەواوی دایخست، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانمان توانرا لە ماوەیەکی کەمدا ڕێگاكە پاک بکرێتەوە و هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.
وتیشی: ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە هەیە، بۆیە لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی لەسەر هێڵین بۆئەوەی لە ڕێگای ئەندازیارەکانیانەوە ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکەین.