وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هۆشداری دەداتە فرۆشیارانی سیمكارتی تۆمار نەكراو كە سزای گەورەی دارایی دەردرێن و سەرپێچیکار بەرامبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت. دەشڵێت: لەمبارەیەوە سزای ژمارەیەک فرۆشگا دراو داخران و بەدواداچونی رۆژانەش بەردەوامە.
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن، لیژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنەبەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەمبارەیەوە سزای ژمارەیەک فرۆشگا دراو داخران و بەدواداچونی رۆژانەش بەردەوامە.
هۆشداریشی داوەتە هاوڵاتیان و فرۆشگا و بریکاری کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت کە "فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕ بێ تۆمارکردن، دەرگاکردنەوەو دەرفەت دروستکردنە بۆ تاوانکاران تا بەو سیمکارتانە تاوان ئەنجام بدەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە. ئەمەش بەشداریکردنە لە تاوان و وەزارەتی ناوخۆ رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیان."
جەختیشی كردۆتەوە كە رێوشوێنی یاسایی توند لەبەرامبەر هەر کەس و فرۆشگاو بریکارێک دەگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەکات بە ناوی کڕیار.
رونیشیكردۆتەوە كە "بەگوێرەی بڕگەی دوەم لە ماددەی شەش لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠٢١)ی هەموارکراو، سەرپێچیکار بەرامبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت."
هەروەها داواشی لە بریکارانی سەرەکی و لاوەکی فرۆشتنی سیمکارت كردوە كە پێویستە بەزوترین کات خۆیان لە وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا ئەمنییەکان و مۆڵەتپێدان تۆماربکەن لە رێی پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە ئەلیکترۆنییەوە:
https://forms.gle/bM2iT331uHVMUyye9
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتوشیەتی"تا پرۆسەی تۆمارکردن تەواو دەبێت، پێویستە بریکارەکان سیمکارت بەگوێرەی سیستمی تۆمارکردن بفرۆشن، بەپێچەوانەوە فرۆشگاکانیان دادەخرێن، بەگوێرەی رێنمایی ئاماژەبۆکراو پێبژاردنی دارایی دەكرێن، هەروەها کۆمپانیاکان مۆڵەتی بریکاردارێتیان لێ وەردەگرنەوە."