ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کێشە بۆ مووچەی مانگی ١٠ دروست نابێت، بەڵام ئەوەی ئەگەر هەیە کێشە دروست بکات مووچەی مانگی ١٢یە.
ئاوێنە: سروە محەمەد، ئەندامی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کێشەکانی مووچەی مانگی ١٠ەوە بۆ ئاوێنە دواو وتی "سەبارەت بە مووچەی مانگی ١٠ کێشەی تێ ناکەوێت ئەگەر لیستەکە لە هەرێمەوە رەوانەی بەغدا بکرێت".
وتیشی "ئێمە باسی تەوتینمان کردووە هێشتا تەواو نەبووە لەهەر حاڵەتێکدا تاوەکو کێشەی تەوتین کۆتایی دێت و مووچەکان دەخرێتەسەر بانکەکان، عێراق راستەوخۆ بە کاش پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت".
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە لەوەی کە کێشە بۆ مووچەی مانگی ١٠ دروست نابێت، بەڵام ناوبراو زانیاری لەسەر کێشەی مووچەی مانگی ١٢ دەخاتە روو، ئەو ئاشکرایکرد "کۆتایی ساڵەو حساباتی ئەمساڵی بودجە یەکلایی دەکرێتەوە ئەوە یەکێکە لەو کێشانەی کە پێدەچێت دروست ببێت، چونکە پێویستەکات بەهۆی کۆتایی ساڵەوە وردبینی لەداهاتی ناوخۆ لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت".