دوای ئەوەی وا بڵاوکرایەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان یاسای خانەنشینی ئارەزوومەندانەی گۆڕیوە و گوایە فەرمانبەر لە تەمەنی ٤٥ ساڵ بۆ ٥٠ ساڵ و لە ١٥ ساڵ خزمەتەوە بۆ ٢٠ ساڵ خانەنشین دەبێت، ئەندامێکی کورد لە بەغدا رونکردنەوە دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ بڕگەیەکی لەو جۆرەیە نەهاتووەتە پەرلەمان و ئەو دەنگۆیانە دوورە لەراستییەوە.
ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لەوبارەیەوە تایبەت بە ئاوێنەی وت "ئەو بابەتە بەوجۆرەیە نییە، چونکە ئەو یاساییە کە کاری پێدەکرێت لە عێراقدا دەبێت لە کوردستانیش بەهەمان شێوە کاری پێبکرێت، لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ١٥ ساڵ خزمەت بەتەمەنی ٤٥ ساڵە کە بیانەوێت بە ئارەزوومەندانە خانەنشین بن، هیچ شتێک لەمە ناگۆڕێت، یاساکە نەگۆڕاوە و دەقەکەیە بەوجۆرەیە".
وتیشی "ئەو یاسایە هێشتا هەموار نەکراوەتەوە و نەهاتووەتە پەرلەمانەوە تاوەکو بکرێت بە بڕگەیەک تەنانەت باسیشنەکراوە، وە لە کوردستانیش نابێت ئەمە جێبەجێکبکرێت، چونکە یاساکەی عێراقمان هەیە و بۆ کوردستانیشە".
بەوتەی د. نەرمین مەعروف بێت، ئەم بابەتە کە ئێستا دروستبووە پێی وایە پڕوپاگەندە بێت، "چونکە بە کردەیی (فیعلی) شتی لەوجۆرەیە نییە، لەبەرئەوە ئەو زانیارییە دورە لەراستییەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە ٦٠ ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە ٤٥ ساڵو ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بەئارەزوومەندانە خانەنشین بێت. هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لەتەمەنی یاساییدا ١٢ مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.