سبەی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەده‌چێت
  2024-10-19       268       
هەزارو 191 كاندید كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی‌ 100 كورسی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن

كاتژمێر 7ی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ سبەی یه‌كشه‌ممه‌، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەسەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەده‌چێت‌و پرۆسه‌كه‌ 11 كاتژمێر به‌رده‌وامده‌بێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ ئه‌و واده‌یه‌ی‌ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریكردووه‌، كاتژمێر 7ی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ ده‌رگای‌ ناوه‌نده‌كانی‌ ده‌نگدان به‌ڕوی‌ ده‌نگده‌راندا ده‌كرێته‌وه‌و كاتژمێر 6ی‌ سه‌رله‌ئێواره‌ پرۆسه‌كه‌ كۆتایی دێت‌.

دو ملیۆن‌و 683 هەزارو 618 کەس مافی دەنگدانیان هەیەو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 100 كورسیی پەرلەمان دەکەن 95 كورسیی گشتییەو پێنج كورسیش بۆ کۆتاکان دانراوە، هاوکات هەزارو 191 کەس خۆیان کاندیدکردووە.

سیستمی هەڵبژاردنی‌ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان فرە بازنەییەو کورسییەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشکراون، سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجە 3 کورسی.

دوێنێ هەینی دەنگدانی تایبەت به‌ڕێوه‌چو، 215 هەزارو 960 كه‌س مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌بو، به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ كۆمسیۆن،  208 هەزارو 521 کەس به‌شدارییان له‌پرۆسه‌كه‌دا كردووه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×