ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان: رێکخەری پێشوو گروپێک لەخانە پەنایان بردە بەر پاکتاوکردنی دەنگە رەسەنەکان
  2024-10-12       483       


ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنێت، ئەو لیژنەیەی کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاکانی کردوە تەواو دەستوری و یاسایی بوە، دەشڵێت، "ڕێکخەری پێشوو گروپێک لەخانەی‌ ڕاپه‌ڕاندن لەبری چارەسەر پەنایان بردە بەر پاکتاوکردنی دەنگە ڕەسەنەکان."

ئاوێنه‌: ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێمە وەکو ژوری پەیوەندیدار دەمانویست بەشێوەی دەستوری هەڵبژاردنەکە بکرێت بەڵام {ئاڕاستەیەکی ناو گۆڕان} لەترسی دۆڕان پەنایان بۆ تەوکیل بردووە."

ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕوو لەئەو ئاڕاستەیەی گۆران کە پشتیوانی بریکارنامەکەی عومەر سەید عەلی دەکەن، باسی لەوەکردووە، ئەوان بەشەرتی بردنەوە هەمو کات بەشدارییان لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کردوە، هەر کاتێک زانیبێتیان لەهەر کایەیەکی ناوخۆیدا دەدۆڕێن بەربەستیان دروستکردوە. 

ڕونیشكراوەتەوە، چەندین ساڵە کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی نەکراوەو دواخراوە هۆکارەکەی ئەوە بووە لەئەنجامەکەی ترساون، لەپاش ئەوەی دڵنیابون جڤاتیان لەدەستداوە ترسی لەدەستدانی ژورەکانیشیان هەبو لە ئەنجامدا بڕیاریاندا کە ماڵ جیایی بکەن. 

ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، "زمناکۆ جەلال نوێنەری بزوتنەوەکەی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە شاردنەوەی نوسراو تۆمەتبار کردووە و وەک نوێنەرێکی ناشەرعی ناساندویەتی و ڕایگەیاندووە، یاسای پارتە سیاسیەکان و کاریگەری کۆمسیۆن لەسەر کاری پارتە سیاسیەکان روونە و لەسەر ئەرزی واقیع ئەوان دەستتێوەردانی راستەوخۆ ناکەن."

ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەوەڵامی چاوپێکەوتنێکی شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندن لە کەناڵی کەی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە، "بەگوێرەی قسانەکانی ناوبراو بێت هیچ یەکێک لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان شەرعیەتی یاسایی نەبوە، بەو کاتەشەوە کە خۆی هەڵبژێردراوی خانەی راپەڕاندن بووە، لێرەدا ناشارەزاییانە بوەتە نوێنەری کۆمسیۆن بێئەوەی ئاگای لە وردەکاریەکان بێت."


دەقی ڕاگەیەندراوه‌كه‌:

سەبارەت بە چاوپێکەوتنێکی بەڕێز شەماڵ عەبدولوەفا لە بەرنامەی رۆژەڤی کەناڵی کەی ئێن ئێن کە شەوی هەینی ١١ی ١٠ی ٢٠٢٤ بڵاوبۆتەوە، لەسەر کۆمەڵێک پرسی کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دوا، لەچەند شوێنێک بە مەبەست بێ یان بێمەبەست ناوی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕانی هێناوە لەبەرئەوە بە پێویستمان زانی وەڵامی هەندێک لە قسەکانی بدەینەوە.

وەک بیرخستنەوەیەک بۆ هاونیشتمانیان، ئاشکرایە کە بزوتنەوەی گۆڕان لە دو هەڵبژاردنی رابردودا لەپاش مەرگی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە روی جەماوەرییەوە پاشەکشەی گەورەی کرد، زۆرێک لە ناڕازیەکانی ناو گۆڕان و چاودێرانی سیاسی و کەسایەتیە سەربەخۆکانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، ئۆباڵی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی بزوتنەوەکەیان خستە ئەستۆی رێکخەری گشتی پێشو و خانەی راپەندن، بەوەی کە نەیان توانی لە دوای رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە ئاستی چاوەڕوانی میللەت و دەنگدەرانی گۆڕاندا بن.

ئەوە جگە لەوەی رۆژ لەدوای رۆژ کێشە ناوخۆییەکان رو لە زیاد بون بون، لەبری ئەوەی بیر لە چارەسەری گونجاو بکرێتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و گوێ لە کەسە دڵسۆزەکان بگیرێت بۆ دوبارە سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەکە، رێکخەری گشتی پێشو و گروپێک لە خانەی راپەڕاندن پەنایان بردە بەر پاکتاوکردنی دەنگە رەسەنەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو ئەو کەسایەتیانەی لە خەمی بزوتنەوەکەدا بون دورخرانەوە.

ئەم سیاسەتە بەمشێوەیە بەردەوام بو تا کار گەیشت بەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە بزوتنەوەیەکی ٥٠٠ هەزار دەنگدەرەوە، دەنگەکانی کەمیکرد بۆ نزیکەی ٢٣ هەزار، دوای شکستەکەی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١یش هەمو هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرپێخستنەوەو بونیادنانەوەی گۆڕانیان لەباربرد، ئێستاش وەک فریادڕەس خۆیان وێنا دەکەن و پێیانوایە بە تەنیا داوای لێبوردنێک تەواوی هەڵەو شکستەکان پینە دەکرێت.

بە ماوەیەکی کەم پێش شکستەکەی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ بەڕێز شەماڵ عەبدولوەفا کە ئەندامی خانەی راپەڕاندن بوو، دوای بێهیوابوونی لەو کاستەی کە بەڕێز عومەر سەید عەلی سەرپەرشتی دەکرد، ناوبراو بە ئاشکرا دەیوت: ئەمانە دەستیان خستۆتە بینەقاقای بزوتنەوەکەو شکستەکە حەتمیە، من ئەم بەرپرسیارێتیە ناگرمە ئەستۆ. هەر ئەوکات لە ٢٤ی ٦ی ٢٠٢١ دەست لەکار کێشانەوەکەی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراو جێگەی گومان و تێڕامان بوو، بە تایبەت لەو کاتە هەستیارەدا وەکو ئەندامی خانەی راپەڕاندن سەنگەری چۆڵ کردو بزوتنەوەکەی بەجێهێشت.

کاک شەماڵ بیری چوە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتری ئەنجومەنی قەزاکان و باژێروانەکان هیچ کاتێک کۆمسیۆن بەشدار نەبوە، ئێمە وەک ژوری هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەبردنی هەر پرۆسەیەک لەڕێی مخەوەلەوە کۆمسیۆنمان ئاگادارکردۆتەوە. ئەوان تەنیا لە هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیدا نوێنەریان ئامادە بوە، چونکە هەڵبژاردنی باژێرەکان لانیکەم هەفتەیەکی خایاندوە لە ئەنجومەنی قەزاکاندا هەڵبژاردن ئەنجام دراوە، کۆمسیۆن بە ڕونی پێی راگەیاندوین ئێمە ناتوانین لیژنەمان بۆ تەواوی ئەنجومەنی قەزاکان هەبێت.

ئەو لیژنەیەی کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاکانی کردوە تەواو دەستوری و یاسایی بوە، چونکە لە ژورە پەیوەندیدارەکان پێکهاتوە، بەگوێرەی ئەم قسانەی ناوبراو بێت هیچ یەکێک لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان شەرعیەتی یاسایی نەبوە، بەو کاتەشەوە کە خۆی هەڵبژێردراوی خانەی راپەڕاندن بووە، لێرەدا ناشارەزاییانە بوەتە نوێنەری کۆمسیۆن بێئەوەی ئاگای لە وردەکاریەکان بێت.

ئەو کەسەی لە ٢ی ٩ بۆ ٢٩ی ٩ی ٢٠٢٤، تەواوی نامەکانی کۆمیسیۆنی شاردۆتەوە لە جڤات و ژوری هەڵبژاردن مخەوەلی گشتی ناشەرعییە، وەک کاک شەماڵ دەڵێ کەین و بەینی تایبەتی بوە لەنێوان چەند کەسێکدا، وەک خۆشی دانی پێدا دەنێت تەواوی سەرکردایەتی ئاگاداری ئەو کەین و بەینانە نەبوە، لە کاتێکدا بە گوێرەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی باڵاترین دەسەڵاتەو دەبێت ئاگاداری هەمو وردەکارییەک بێت پەیوەست بە بابەتە گرنگ و چارەنوسسازەکان.

 

کێ هۆکاری هەڵتۆقینی کێشەکان بو؟

کاک شەماڵ خۆی دانی پێدا دەنێت کە ئێمە وەکو ژوری پەیوەندیدار دەمانویست بە شێوەی دەستوری هەڵبژاردنەکە بکرێت، ترسی ئەوانیش لە دۆڕان پاڵی پێوەناون کە پەنا بۆ تەوکیل ببەن. ئەم برادەرانە بە شەرتی بردنەوە هەمو کات بەشدارییان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کردوە، هەر کاتێک زانیبێتیان لە هەر کایەیەکی ناوخۆیدا دەدۆڕێن بەربەستیان دروستکردوە، چەندین ساڵە کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی نەکراوەو دواخراوە هۆکارەکەی ئەوە بووە لە ئەنجامەکەی ترساون، لەپاش ئەوەی دڵنیابون جڤاتیان لەدەست داوە ترسی لەدەستدانی ژورەکانیشیان هەبو لە ئەنجامدا بڕیاریاندا کە ماڵ جیایی بکەن.

سەبارەت بە پەیوەندی گۆڕان و کۆمسیۆن، ئەو وردەکارییەی باسی کردوە قسەو  چیرۆکی هەڵبەستراوی (زمناکۆ جلال - مخەوەلی گشتی ناشەرعی)یە کە بەڕاستی سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رق و ناکۆکی شەخسی بەوهۆیەوە دۆخی بزوتنەوەکەی بەم رۆژە گەیاند، ئەگارنا یاسای پارتە سیاسیەکان و کاریگەری کۆمسیۆن لەسەر کاری پارتە سیاسیەکان روونەو لەسەر ئەرزی واقیع ئەوان دەستتێوەردانی راستەوخۆ ناکەن.

لێرەدا بۆ سەرجەم هەڵسوڕاوانی بەڕێزی بزوتنەوەکەو رای گشتی رون دەکەینەوە هیچ ئۆرگانێک بە ژوری هەڵبژاردنیشەوە، توانای شاردنەوەی نوسراوەکانی کۆمسیۆنی نیە، لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی کۆمسیۆن لەگەڵ مخەوەلی گشتی حیزبەکاندایە، ئیمەیڵ و ژمارەی مۆبایلیان لە کۆمسیۆن تۆمارکراوە بە مەبەستی پەیوەندی و هەماهەنگی، هەر جۆرە نوسراوێک بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هاتبێت راستەوخۆ  بۆ ئیمەیڵ و واتسئاپی (زمناکۆ جلال - مخەوەلی گشتی ناشەرعی) نێردراوە، پاشان لە رێی فەرمانگەی سلێمانی کۆمسیۆنەوە بۆ مەکۆی سەرەکی نێردراوە، لەبەرئەوە حەقیقەتی بابەتەکە بریتیە لەوەی لە پاش شکستی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١، کە وادەی یاسایی رێکخەری گشتی پێشو کۆتایی هاتووە لەگەڵیشیدا دەستی لەکار کێشاوەتەوە، (زمناکۆ جلال - مخەوەلی گشتی ناشەرعی) دوور لە هەمو بەهایەکی گۆڕانخوازانەو پیشەیی بون بە میزاجی شەخسی خۆی و چەند کەسێک، چەندین نوسراو و راپۆرتی کۆمسیۆنی لە هەردو جڤاتەکەو دامەزراوە شەرعییەکانی بزوتنەوەکە شاردۆتەوە، کە ئەگەر پێویست بکات لە داهاتو سەرجەمیان بۆ هەڵسوڕاوانی گۆڕان و رای گشتی دەخەینەڕو.

لە کۆتاییدا لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی تا ئێستا بڕیاری بێدەنگیمان دابو، بەڵام لێرەو لەوێ بە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەیبیستین، دەیانەوێ بە بیانوی گوایە شاردنەوەی دۆکیومێنت لەلایەن ئێمەوە شەرعیەت بەم کودەتا نادەستورییە بدەن، بەڵام کاتێ بابەتەکە دەچێتە راگەیاندن، ئێمەش ناچارین وەڵام بدەینەوە، ئەگەرنا نەمان دەویست دان بەخۆداگرتنمان ببێت بە هۆکارێک بۆ پاساودان بە هەر شکستێکی ئایندەیان بە ناوی گۆڕانەوە، وەک ئەوەی لە رابردودا سەرجەم شکستەکانی خۆیان خستە ئەستۆی کەسانی تر، ئەگەرنا کورد واتەنی ماڵت لە شوشە بو بەرد مەگرە ماڵی کەس.

 

ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان

١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×