شنۆ عەبدوڵا پێنجوێنی، کاندیدی کۆمەڵی دادگەریو ھاوسەری سۆران عومەری پەرلەمانتار لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت "سۆران ئەزمونێکی باشی هەیە لەکاری پەرلەمانتارییو زۆر ھاوکاریم دەکات، زۆر ماندووە بەدەست بانگەشەی ھەڵبژاردنمەوە".
ئاوێنە: شنۆ عەبدوڵا پێنجوێنی، بئاوێنەی راگەیاند کە لەوەتەی فامی کردۆتەوە لەناو حیزب رێکخراودا کاری کردووە، بەڵام ئەزموونێکی باشی لەسۆران عومەری هاوسەرییەوە وەرگرتووەو زۆر شارەزای کارەکانی بووە، ھەر بەو ھۆیەوە بەباشی زانیوە خۆی کاندید بکات بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر بچمە پەرلەمانەوە، لەبەرئەوەی سۆرانی هاوسەریشم پەرلەمانتارە زۆر ماندوو دەبمو زۆر قورس دەبێت، بەڵام لەمبارەوە قسەمان کردووەو دەتوانم کارەکانم راپەڕێنم، حیزبیش پشتگیریم دەکەن، با منو سۆران عومەر ئەم رێچکەیە بشکێنینو ھەردووکمان پێکەوە پەرلەمانتار بین، ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ توانای خۆم، ئەگەرنا خۆ لەحیزبەکەمدا کەسانێک ھەبوون وەزیریش بوون، بەڵام ژنەکەیان نەیتوانیوە بێتە پێشەوە".
وتیشی "خەڵکی لێرەو لەوێ پێمدەڵێن بۆچی دەبیتە پەرلەمانتار؟ نازانم مەبەستیان چیە؟! بەڵام من وەک خۆم دەڵێم نابێت گوێ بەو قسانە بدرێت، ئەو کەسە بۆخۆی تا چەند بەھێزە کارەکانی بکات وەک پەرلەمانتار؟ من وەک ئافرەتێک توانای خۆم دەزانم بۆیە گرنگی بەقسەی کەس نادەم، ھەرچەندە زۆر پێمدەوترێت ھاوسەرت ئەندامی پەرلەمانەو بۆ پارە وا دەکەن، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانتارەکانمان لە ٦٠%ی موچەکانیان دەدەنەوە بەحیزبو تەنها لە ٤٠%ی بۆ خۆیانە".
کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەو راپۆرتێک لەمبارەوە بخوێنەرەوە:
https://www.awene.com/detail?article=117002